دواین هەواڵ

عێراق‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی زەیدی لە کۆنگرەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی: داوای بازرگانیی ئازاد و پاراستنی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین

هەرێم نیوز

عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وتارێکدا لە کردنەوەی کارەکانی خولی ٥٢ی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، کە لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد، ڕایگەیاند کە عێراق زەرەرمەند بووە و بەردەوامیش دەناڵێنێت بەهۆی کاریگەریی ململانێکانی ناوچەکە و لێکەوتە ئابوورییەکانی، و داوای بازرگانیی ئازاد و پاراستنی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کرد.

دەقی وتارەکە و خاڵە سەرەکییەکان
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا چەندین تەوەر و پرسی گرنگی خستە ڕوو، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:
•بەخێرهاتن و پتەوکردنی پەیوەندییەکان: بەخێرهاتنی بەشداربووانی لە بەغدا کرد - کە بە خاڵی یەکگەیشتنی شارستانییەتەکان و شاری مەعریفە و فیکر و مێژوو وەسفی کرد - و پیرۆزبایی لە ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کرد بە بۆنەی وەرگرتنی ئەرکەکانییەوە.

•ئانگارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان: جەختی لەوە کردەوە که جیهانی ئیسلامی ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زیاتر دەبێتەوە کە توانای پێکەوەژیان و ڕێکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابووری، کولتووری و میدیاییەکان تاقی دەکەنەوە، و ئاماژەی بەوە دا کە قەیرانەکانی ئێستا پێویستی بە کاری هاوبەشی زیاتر هەیە.

•دۆزی فەلەستین: هەڵوێستی پرەنسیپیی عێراقی لەسەر دۆزی فەلەستین دووپات کردەوە وەک کرۆکی ململانێکان لە ناوچەکەدا، و جەختی کردەوە که دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ گەلی فەلەستین و بەرزڕاگرتنی مافەکانیان، بنەڕەتییە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

•زیانەکانی عێراق لە ململانێکاندا: ئاماژەی بەوە دا کە عێراق زەرەرمەند بووە و بەردەوامیش دەناڵێنێت بەهۆی کاریگەریی ململانێکانی ناوچەکە و لێکەوتە ئابوورییەکانییەوە.

•بانگەواز بۆ بازرگانیی ئازاد و دەستپێشخەریی ئابووری: داوای بازرگانیی ئازاد و پاراستنی ڕێڕەوەکانی و دڵنیابوون لە گواستنەوەی بێكێشە لە سەرانسەری ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا کرد. هاوکات عێراق پێشنیازی دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ یەکخستنی هەمەلایەنەی تۆڕەکانی وزە، هێڵی ئاسن، ئامرازەکانی گواستنەوە و پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان، پەرەپێدانی سیستەمی پارەدانی دیجیتاڵی، پلاتفۆرمەکانی بازرگانی و بەدیهێنانی یەکخستنی ناوچە پیشەسازییەکان بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی.

•ڕووبەڕووبوونەوەی ڕق و کینە: لە کۆتایی وتارەکەیدا، داوای لە بەشداربووان کرد کە دژی ڕق و کینە هەڵوێستیان هەبێت و یەک بگرن بۆ پشتیوانی لە ستەملێکراوان، و دووپاتی کردەوە که گەلی عێراق لەم هەوڵەدا هیچ کەمتەرخەمییەک ناکات.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP