هەرێم نیوز
میهرداد ئەخلاقی کێتابچی بووە وەزیری بەرگریی ئێران؛ ئەندازیارەکەی سووتەمەنیی ڕەق لە سێبەرەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگ هاتە پێشەوە
پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنێکی کراوەدا کە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، بە دەنگی ٢٣٧ پەرلەمانتار متمانەی بەخشییە میهرداد ئەخلاقی کێتابچی وەک وەزیری نوێی بەرگری، بۆ پڕکردنەوەی شوێنی عەزیز نەسیرزادە کە لە یەکەم ڕۆژی جەنگە ٤٠ ڕۆژییەکەی ئەم دواییەدا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی کوژرا. ئەخلاقی یەکێکە لە کەسایەتییە دێرینەکانی کەرتی پیشەسازیی بەرگری و بۆشایی ئاسمان لە ئێران، بەڵام تا ئەم ساتە کەسایەتییەکی تەواو نادیار بووە بۆ ڕای گشتی و لە میدیاکاندا هیچ وێنەیەکی فەرمیی بڵاو نەکرابووەوە، تا ئەو کاتەی لە دانیشتنی لێژنەی تایبەتی پەرلەماندا بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەرکەوت.
لە دانیشتنی بەخشینی متمانەدا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران باسی لە ئەزموونی ٤٢ ساڵەی ئەخلاقی کرد و ئاشکرای کرد کە ناوبراو لە نزیکەوە لەگەڵ حەسەن تەهرانی موقەدەم (ناسراو بە باوکی بەرنامەی مووشەکی) و موحسین فەخریزادە (ناسراو بە باوکی بەرنامەی ئەتۆمی) و ئەمیرعەلی حاجیزادە فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران کاری کردووە. پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد کە بوونی ناوی ئەخلاقی لە «لیستی تیرۆرکردن» و سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەریدا لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە لەگەڵ ناوهێنانی لە بڕیارنامەی ١٧٤٧ـی ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵگەی شیاوبوونی ناوبراون بۆ ئەم پۆستە.
ئەخلاقی لە ساڵی ١٩٥٨ لەدایکبووە، هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیاریی کیمیاییە لە زانکۆی ئەمیر کەبیر و ماستەری لە کارگێڕیی ستراتیژیدا لە زانکۆی مالک ئەشتەر هەیە. ناوبراو لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە لە کەرتی توێژینەوە دەستی پێکردووە و دواتر بووەتە سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازیی شەهید باقری کە بەرپرسە لە گەشەپێدانی مووشەکە بالیستییەکان، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٤ بووەتە سەرۆکی جێبەجێکاری ڕێکخراوی پیشەسازیی ئاسمانیی سەر بە وەزارەتی بەرگری؛ دەورێکی یەکلاکەرەوەی لە پەرەپێدانی سیستەمی «سووتەمەنیی ڕەق»دا بینیوە کە هۆکاری سەرەکی بووە لە زیادکردنی مەودای مووشەکەکان و کەمکردنەوەی کاتی هاویشتنیان.
لە میانی خستنەڕووی بەرنامەکەیدا لە بەردەم پەرلەمان، وەزیری نوێی بەرگری بەڵێنی دا کە پەرەپێدانی سیستەمی مووشەکی (زەوی بۆ زەوی و کرووز) و بەرگریی ئاسمانی بخاتە پێشەنگی کارەکانی و ڕایگەیاند کە ساڵی داهاتوو یەکەم فڕۆکەی جەنگیی قورسی دروستکراوی ناوخۆ دەفڕێت. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا نووسینگەکەی ٢٥ مووشەکی بەرکەوتووە، بەڵام شوێنەکەی بەجێنەهێشتووە. لە یەکەم لێدوانیشیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەسەر ئەگەری بەکارهێنانی «دایکی بۆمبەکان» لەلایەن ئەمریکاوە، بە توندی وەڵامی ترەمپی دایەوە و هۆشداری دا کە «ئەگەر تەنها یەک بۆمبیش بخاتە خوارەوە، دەبێت تەرمی سەربازەکانی لە ناوچەکە بباتەوە».