هەرێم نیوز
یەکەمین سەردانی سێرگی لافڕۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ تاران لە دوای دەستپێکردنی جەنگ، پرسیاری جدی لەسەر توانای مۆسکۆ بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران هێناوەتە ئاراوە؛ بە تایبەت لەسەر ئەوەی تا چەند سەرۆک ڤلادیمێر پووتین ئامادەیە فشار بخاتە سەر تاران لە بەرامبەر وەرگرتنی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.
شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە کرانەوەی واشنتن بەڕووی ڕۆڵی ڕووسیادا زیاتر پەیوەستە بە پەیوەندییە کەسییەکانی نێوان ترەمپ و پووتین نەک متمانەیەکی ڕەها بە مۆسکۆ؛ شارەزایان پێیان وایە کە بەهێزترین دەستکەوتی ڕووسیا لە باشترین حاڵەتدا بریتی دەبێت لە هێنانی تاران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەو پێیەی تەنانەت چینیش کە هەژموونێکی ئابووریی زۆر گەورەتری بەسەر ئێرانەوە هەیە، نەیتوانیوە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی تاراندا دروست بکات.
لە بەرامبەردا، لایەنی ڕووسی هەوڵ دەدات لەرێگەی پێشنیازی تەکنیکی و دیپلۆماسییەوە ئاگری شەڕەکە کەم بکاتەوە، کە دیارترینیان پێشنیازی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە بۆ ناو خاکی ڕووسیا تا وەک دەروازەیەک بۆ ڕێککەوتن و نەهێشتنی نیگەرانییەکانی واشنتن و ئیسرائیل بەکاربهێنرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان مۆسکۆ و تاران هیچ مەرجێکی سەربازیی تێدا نییە کە ڕووسیا ناچار بکات لە کاتی هێرشی دەرەکیدا ڕاستەوخۆ بەرگریی سەربازی لە ئێران بکات.
جووڵەکانی مۆسکۆ بەستراونەتەوە بە بەرژەوەندییە ئاڵۆزەکانی خۆیەوە؛ لە لایەکەوە بەردەوامیی شەڕ وای کردووە کە ئەمریکا ڕێککەوتنی بازرگانی لەسەر دیزڵی ڕووسی بکات و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا کەم ببێتەوە، بۆیە مۆسکۆ هەوڵ دەدات لە بەرامبەر هەر نێوەندگیرییەکی ڕاستەقینەدا داوای هەڵگرتنی هەمیشەیی سزاکانی ڕۆژئاوا بکات. لە لایەکی دیکەشەوە، ڕووسیا چاوی لە پاراستنی پەیوەندییە پتەوەکانیەتی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداودا، هەربۆیە پێش سەردانەکەی تاران، لافڕۆڤ لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کۆبووەوە و مۆسکۆ بە فەرمی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ناوچە مەدەنییەکانی کەنداو و هێرشەکانی حوسییەکانی بۆ سەر سعودیە کردبوو، تا هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی لە هەردوو بەری کەنداودا بپارێزێت.