دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

گرژییەکانی نێوان ڕیاز و حوسییەکان دەگاتە لووتکە؛ میسر ئامادەکاری بۆ ناردنی هێز دەکات

هەرێم نیوز

لە کاتێکدا ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە و بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) ڕوو لە هەڵکشانێکی بێوێنەیە، هاوپەیمانیی عەرەبی بە فەرمی کوژرانی دوو فڕۆکەوانی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی چاودێری لە ناوچەی نەجران بەهۆی «کێشەی هونەری»یەوە ڕاگەیاند؛ ئەمەش یەکەمین زیانی گیانیی ڕاگەیەندراوی سوپای سعودیەیە لە دوای دەستپێکردنەوەی شەپۆلی نوێی پێکدادانەکان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەرگریی شارستانیی سعودیە، کەوتنەخوارەوەی مووشەک و پاشماوەی بۆردومان لە نەجران برینداربوونی شەش کەس و زیانگەیاندن بە ژمارەیەک ماڵ و ئۆتۆمبێلی مەدەنی لێکەوتووەتەوە. لە بەرامبەردا، یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ئیدیعای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چەکداری جۆری (کارایێل)ی لە ئاسمانی پارێزگای حەججە کرد. ئەم دۆخە ئەمنییە تەنها لە سنوورەکان نەمایەوە، بەڵکو هاووڵاتیانی شاری ڕیازی پایتەختیش پەیامی ئاگادارکردنەوەی هەڕەشەی ئاسمانییان لەسەر مۆبایلەکانیان پێگەیشت، هاوکات ئیدارەی «تاوەری مەملەکە»—کە یەکێکە لە دیارترین هێما ئابوورییەکانی سعودیە—داوای لە سەرجەم کارمەندانی بەشە کارگێڕییەکان کرد دەوام ڕابگرن و کارەکانیان لە دوورەوە ئەنجام بدەن.

لە کاردانەوەی ئەم پەرەسەندنانەدا، ئەنجومەنی باڵای بەرگریی نیشتمانیی میسر بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح سیسی، بڕیاریدا سەرجەم شێوازەکانی پشتیوانیی سەربازی و ئەمنی پێشکەشی عەرەبستانی سعودی بکات بۆ پاراستنی سەقامگیری و ناوچە پیرۆزەکان. ئەم هەنگاوە ئەگەری جێبەجێکردنی ماددەی ١٥٢ی دەستووری میسر دەهێنێتە کایەوە کە ڕێگە بە ناردنی هێزی شەڕکەر بۆ دەرەوەی وڵات دەدات لە دوای ڕەزامەندیی پەرلەمان. ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، ستایشی ئەم هەڵوێستەی قاهیرەی کرد لە بەرامبەر ئەوەی بە «هەڕەشە هاوبەشەکان» ناوزەندی کرد.

لە لایەکی دیکەوە و لە بەرامبەر مەترسیی فراوانبوونی ئاگری شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دامەزراوەی ئەزهەری شەریف لە قاهیرە بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی سەرکردەی دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەکان کرد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای نێوەندگیری تا ڕێگری لە وێرانکاریی زیاتر و خوێنڕشتن بکرێت. ئەم ئاڵۆزییە مەیدانییانە لە کاتێکدایە کە دۆخی مرۆیی لە ناوخۆی یەمەن و بە تایبەت لە شاری تەعیز گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار؛ بەهۆی گەمارۆ، پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوە و گرانیی بێوێنەی نرخی گاز و سووتەمەنی، خێزانەکان بۆ ئامادەکردنی خۆراک پەنایان بۆ سووتاندنی دار، مقەبا و پلاستیک بردووە، کە مەترسییەکی تەندروستیی گەورەی بۆ سەر هاووڵاتیان دروست کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP