هەرێم نیوز
لێکەوتە وێرانکەرەکانی جەنگی تاران بۆ سەر نێوخۆی ئەمریکا؛ چۆن شەڕی کەنداو گەورەترین زەبری دارایی لە خێزان و کەرتی تایبەتی ئەمریکا دا؟
جەنگی دژ بە ئێران پێچەوانەی لێکدانەوە سەرەتاییەکان، گورزێکی قورس و درێژخایەنی لە قووڵایی کەرتی دارایی و ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوە؛ بەهۆی پێگەی ستراتیژیی کەنداوی عەرەبی لە دابینکردنی ووزە و پێداویستییە پیشەسازییەکان، بازنەی زیانەکان بە خێرایی لە سەنگەرەکانی شەڕەوە گواستراونەتەوە بۆ نێو ماڵ و گیرفانی هاووڵاتییانی ئەمریکا.
بەپێی نوێترین شیکارییەکانی دامەزراوەی «موودیز ئەنالیتیکس»، تەنها ئەو زیانە داراییەی بەهۆی گرانبوونی نرخی ووزە و خۆراکەوە بەر خێزانە ئەمریکییەکان کەوتووە، گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٦٥ ملیار دۆلار. ئەم بارگرانییە ڕاستەوخۆ هاوکات بووە لەگەڵ بازدانی نرخی سووتەمەنیی دیزڵ بە ڕێژەی ٧٣٪ و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ لوتکەی پێنج مانگی ڕابردوو، کە وایکردووە تێچووی ژیانی ڕۆژانە بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵبکشێت.
هاوکات لەگەڵ زیانی خێزانەکان، کەرتی بازرگانیی نێوخۆی ئەمریکا لەبەردەم شەپۆلێکی بێپێشینەی هەرەسهێناندایە؛
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆمپانیای «ئێپیک ئاکەر»، لە ماوەی تەنها حەوت مانگدا زیاتر لە ٢٠ هەزار کۆمپانیای ئەمریکی داواکاریی مایەپووچبوونیان پێشکەش بە دادگاکان کردووە. هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی سووتەمەنی و پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوە و دابینکردنی بازرگانی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی کەنداوەوە.
لە لایەکی ترەوە، خەرجییە سەربازییە ڕاستەوخۆکانی ئەم جەنگە لە ٤٧ ملیار دۆلار تێپەڕیوە، لە کاتێکدا سوودی بۆندە حکومییەکانی ئەمریکاش گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا.
شارەزایانی دارایی هۆشداری دەدەن کە تێچووی قەرزە زیادەکان هەڕەشەی ڕاستەقینە لە سەقامگیریی درێژخایەنی واشنتن دەکەن، ئەمەش وادەکات باجی سەرکێشییە سەربازییەکان لە کەنداو ڕاستەوخۆ لەسەر حیسابی ژیان و ئابووریی نێوخۆی ئەمریکا کۆتایی پێبێت.