دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی: کاراکردنەوەی پەرلەمان دژی هیچ لایەنێک نییە و دەرگامان کراوەیە

هەرێم نیوز
⠀
پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی هەنگاوێکی پێویست بووە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە.
⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی 11ـی 2026، مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی بڵاویکردەوە، کە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆرینەی پەرلەمانتاران درێژەی بە کۆبوونەوەی خۆی داوە و کۆتایی بەو بۆشاییە یاساییە هێناوە کە ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی بڕیاری سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ دروست ببوو.
⠀
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە سەرەڕای هەبوونی هەڕەشە لەسەر بەشێک لە پەرلەمانتاران و کەسوکاریان، بەڵام زۆرینەی فراکسیۆنەکان بەپێی سوێندی یاسایی و هەستی نیشتمانییان پرۆسە دیموکراسییەکەیان سەرخستووە و ڕێگرییان لە سەپاندنی ئیرادەی کەمینەیەکی سیاسی کردووە.
⠀
لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتەبێژی پارتی هیوای خواستووە کە سەرجەم لایەنەکان ڕێز لە پرۆسەی دیموکراسی بگرن و فراکسیۆنەکانی دیکەش بڕیاری بەشداریکردن بدەن، ئەوەش بە مەبەستی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هاوبەش و نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی شەرعیەتی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP