هەرێم نیوز
⠀
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ تەواوی سزاکانی دواکەوتنی پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرکرد و بڕیارەکەش خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی 11ـی 2026، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران کە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی لەسەرە، ئاراستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە و تێیدا هاتووە کە لێخۆشبوونەکە بە ڕێژەی سەدا سەدە، بەو مەرجەی لە ماوەی ٩٠ ڕۆژی کاردا تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکان بدرێتەوە.
⠀
ئاماژە بەوەش کراوە، کە دەرکردنی ئەو بڕیارە لەسەر پێشنیازی وەزارەتی کار بووە بە مەبەستی ئاسانکاریکردن و هاندان بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکان و زیادکردنی داهاتی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
⠀
لە کۆتایی بڕیارەکەدا هاتووە، کە ئەو پارانە بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی کار ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەردەکات و لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.