دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پۆلیسی گەرمیان کەسێکی دەستگیر کرد کە ماوەی 6 ساڵ بوو بە ناوی ئافرەتەوە خەڵکی هەڵدەخەڵەتاند

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند که هێزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ بوو لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بە ناوی ئافرەتەوە پارەیەکی زۆری لە هاووڵاتییان سەندبوو.

عەقید سۆران محەمەدغەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند کە دوای سەردانکردنی هاووڵاتییەک بۆ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان و تۆمارکردنی سکاڵا دژ بە کەسێکی نەناسراو کە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ لە ڕێگەی دوو ژمارە تەلەفۆنەوە و لەژێر هەڕەشە و فێڵکردندا پارەی لێ سەندبوو، هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ دەستیان بە بەدواداچوون کرد.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکراشی کرد که دوای کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، لە ڕێکەوتی 28ـی تشرینی یەکەمی 2026 توانرا تۆمەتبار (أ. ح. ڕ.) تەمەن 45 ساڵ دەستگیر بکرێت.

 پۆلیس روونی کردەوە که تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 452 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لەبەردەم پۆلیسدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، هاوکات داواشی لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە کرد کە زەرەرمەند بوون سەردانی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بڕەخسێنن تا سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP