هەرێم نیوز
کۆمپانیای «ڕۆش» (Roche)ی سویسری بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، گرەو لەسەر چارەسەرێکی نوێی پزیشکی دەکات کە لە شێوەی حەبێکی ڕۆژانەدایە و لە ڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گەشەکردنی شێرپەنجەی مەمک یان گەڕانەوەی نەخۆشییەکە.
دەرمانەکە بەوە جیا دەکرێتەوە کە بێ کاریگەریی لاوەکیی توند و ئازاربەخشە بۆ سەر تووشبووان و بەکارهێنانی زۆر ئاسانە، بەجۆرێک ڕێگری لە پەککەوتنی ژیانی ڕۆژانەی نەخۆش دەکات.
ئەم دەرمانە سێ قۆناغی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی لەسەر مرۆڤ بە سەرکەوتوویی بڕیوە، و چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) پێش کۆتایی ئەمساڵ بڕیاری کۆتایی لەسەر پەسەندکردنی بدات. لە ئەگەری مۆڵەتدان پێی، وەک شۆڕشێکی گەورە لە پرۆسەی چارەسەرکردندا دادەنرێت لەبەرئەوەی کات و توانای نەخۆش دەپارێزێت و بەدیلێکی ئاسانتر دەبێت بەراورد بە چارەسەرە تەقلیدییەکان.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، لە ئێستادا زیاتر لە ٨ ملیۆن ژن لە سەرانسەری جیهاندا بە تووشبووی شێرپەنجەی مەمک دەژین. لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە تەنها نزیکەی ٢.٤ ملیۆن حاڵەتی نوێ دەستنیشان کراون، و لە هەمان ساڵدا ٦٩٤ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان بەو هۆیەوە تۆمار کراون. هاوکات ئاستی فرۆشتنی دەرمانەکانی ئەم نەخۆشییە ئەمساڵ ٤٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا پزیشکان هەمیشە جەخت لەسەر گرنگیی پشکنینی پێشوەختە و بەردەوام دەکەنەوە وەک کاریگەرترین ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی تووشبووان.