دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق ترسی نێوان بەغدا و دیمەشقی ڕەواندەوە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" بڵاوی کردەوە، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ڕەواندنەوەی بەشێک لە مەترسییە دوولایەنەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

ئەمڕۆ شەممە، 8ـی 8ـی 2026، ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، لە کاتێکدا هەولێر پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەغدا دەکات بۆ کۆنترۆڵکردن و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی کورد بۆ نێزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی نێوان عێراق و سوریا.

سەرچاوەکان بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق، هاوکار بووە لە ڕەواندنەوەی بەشێک لە مەترسییە دوولایەنەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ژمارەیەک دۆسیەی هەڵپەسێردراوی ئەمنی و سیاسی.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، نێچیرڤان بارزانی پەیامی لە نێوان عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا گواستووەتەوە و ڕێگەی خۆش کردووە بۆ سەردانێکی چاوەڕوانکراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دیمەشق.

هاوکات، سەرچاوە سیاسی و ئەمنییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هاوکاریی نێوان بەغدا و هەولێر تەنها پرسی کۆکردنەوەی چەک تێنەپەڕێنێت، بەڵکوو ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئاسایشی و هەواڵگری و هەماهەنگی لەسەر ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ناوخۆش دەگرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP