هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاژە و پاراستن مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەرانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، ڕەزامەندیی لەسەر هەژمارکردنی ماوەی خزمەتیان بە شێوازی "ساڵێک بە دوو ساڵ" دەربڕی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، نووسراوی بڕیارەکە ئاراستەی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دەزگای ئاسایش کراوە. تێیدا هاتووە کە ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە 4ی تەممووزی 1992، واتە لە کاتی ڕاگەیاندنی یەکەم کابینەی حکوومەتەوە دەستپێدەکات. هەروەها دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە تا ڕێکەوتی 31ی کانوونی یەکەمی 2024 دیاریکراوە.
سەبارەت بە مەرجەکانی ئەم بڕیارە، پرۆسەکە زۆرەملێ نییە و ئارەزوومەندانەیە، بەو مەرجەی کارمەند یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاری پێشکەش بکات و 10%ی مووچەی بنەڕەتیی ئەو ساڵانە بۆ خانەنشینی بداتەوە. بەپێی زانیارییەکان، بۆ هەر پێشمەرگەیەک کە 10 ساڵ خزمەتی هەبێت دەبێت نزیکەی 3 ملیۆن و 936 هەزار دینار بداتەوە، بۆ ئەفسەرانیش ئەو بڕە دەگاتە 6 ملیۆن و 336 هەزار دینار.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا ئاماژە بە پرسی گواستنەوەی ڕاژە کراوە؛ بە جۆرێک ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە ڕاژەکەیان بۆ بەشی شارستانی دەگوێزرێتەوە، ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە.
بەڵام ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی لە نێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا میلاکیان دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.