هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوێکی کوشتنی لە گەڕەکی باداوە ڕاگەیاند، کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بەرەو دهۆک هەڵهاتبوو.
دەستگیرکردنی تۆمەتبار لە ماوەیەکی پێوانەییدا
ئەمڕۆ هەینی ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەربەیانی ئەمڕۆ پاش ئاگادارکردنەوەیان لە ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر، هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، بۆ هێزەکانی پۆلیس دەرکەوت کە تۆمەتباری سەرەکیی تاوانەکە بەرەو شاری دهۆک هەڵهاتووە. دەستبەجێ تیمەکانی بەدواداچوون کەرەستە و زانیارییەکانیان خستە گەڕ و لە ماوەیەکی پێوانەییدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت.
هۆکاری ڕووداوەکە و ڕێکارە یاساییەکان
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی هەولێر، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی (خوێنداری) بووە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کەیسەکە کراوەتەوە و تەواوی ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە بەردەوامن.