هەرێم نیوز
ماڵپەڕی نورنیوز کە نزیکە لە عەلی شەمخانی، ئاشکرای کردووە کە ئەو کۆبوونەوەیەی شەمخانی و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی ئێران تێیدا کوژران لە یەکەمین ڕۆژی "جەنگی 40 ڕۆژە"دا، بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی پلانێکی نوێ بووە.
ئەم پلانە تایبەت بووە بە ڕێکخستنەوەی هێزەکان و دابینکردنی ئامێری نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەگەری نزیکایەتیی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
کۆبوونەوەکە لە (کۆتایی شوباتی ٢٠٢٦) بەڕێوەچووە و پلانەکەش دوای خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی مانگی (یەنایری ٢٠٢٦) ئامادەکرابوو کە تێیدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی، ڕەزامەندیی لەسەر داوە و جەختی لە خێرا جێبەجێکردنی کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، خامنەیی داوای کردبوو کە ئەمینداریێتیی ئەنجومەنی بەرگری و خودی عەلی شەمخانی، لەبری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بەدواداچوون بۆ قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە بکەن.
ئامانج لەم کارەش زیادکردنی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی داهاتوو بە "کەمترین زیانی گیانی".
هەر لەم چوارچێوەیەدا، نورنیوز بۆ یەکەمجار ئاشکرای کردووە کە "پیشەسازییەکانی شەهید مەیسەمی" سەر بە وەزارەتی بەرگری کە لە "جەنگی ١٢ ڕۆژە"دا لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج، ئەرکی سەرەکیی دیزاین و بەرهەمهێنانی کەلوپەلی کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانی بێ بەکارهێنانی چەکی کوشندە بووە.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا، نورنیوز بانگەشەی ئەوە دەکات کە خامنەیی زۆر "دڵگران و خەمبار" بووە بە کوژرانی "نزیکەی سێ هەزار کەس" لە خۆپیشاندانەکان، و شەمخانیش جەختی لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی چەکی فیشەکی کردووەتەوە، کە ئەمەش ڕەخنەی هەندێک فەرماندەی سەربازی لێکەوتووەتەوە.
ئەم بانگەشانە لە کاتێکدان کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەکارهێنانی بەرفراوانی گوللەی جەنگییان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە پشتڕاست کردووەتەوە لەو خۆپیشاندانانەی کە بە خوێناویترین سەرکوتکردن لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا دادەنرێت و ڕێکخراوەکان ئاماری قوربانییەکان بە ٥ بۆ ٦ هەزار کەس مەزەندە دەکەن.
لە کۆتاییشدا ئاماژە بە لێدوانێکی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کراوە کە پشتڕاستی کردووەتەوە لە ڕۆژی دەستپێکی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل، جگە لە نووسینگەی خامنەیی، نووسینگەکانی شەمخانی و محەمەد شیرازی و عەلی ئەسغەر حیجازیش کرانە ئامانج، کە لەو نێوەندەدا تەنها حیجازی ڕزگاری بووە.