هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرای دەکات، کە چەندین پێشنیازی دیپلۆماسی بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان و ئاگربەست بە دەستیان گەیشتووە؛ هاوکات تاران نێوەندگیریی ئسلام ئابادیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بەکاردێنێت.
پێشنیازی ئاگربەست و مەرجەکانی دانوستان
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە کراوەیە بە ڕووی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە مەرجێک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و سەروەریی خاکی ئێران بە تەواوی پارێزراو بن. هاوکات لە لێدوانەکەیدا واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی لە رابردوودا بەڵێنەکانی خۆی پێشێل کردووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بوونی هەوڵێک بۆ ڕاگرتنی پێکدادانە سەربازییەکان، بەقایی ئاشکرای کرد کە ناوەند و وڵاتانی نێوەندگیر بە بەردەوامی کار بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و هێورکردنەوەی گرژییەکان دەکەن. کاتێک پرسیاری بوونی پێشنیازی دیاریکراوی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا لێکرا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "پێشنیازی نوێمان پێگەیشتووە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام لە ئێستادا ناچمە ناو وردەکاریی ئەو پێشنیازانەوە."
پەیامی تایبەتی پزیشکیان بۆ پاکستان
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە هەنگاوێکی دیپلۆماسیی بەپەلەی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی ئێران سەردانێکی فەرمی بۆ ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان ئەنجام دەدات.
بەپێی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان لە تاران، وەزیری ناوخۆ نامەیەکی تایبەت و ڕاستەوخۆی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی هەڵگرتووە بۆ بەرپرسانی باڵای پاکستان. چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی تاران لە چوارچێوەی هەوڵە نوێیەکانی نێوەندگیریی ناوچەکەدایە بە مەبەستی دروستکردنی کەناڵی پەیوەندی و ڕاگرتنی بەپەلەی نوێترین شەپۆلی پێكدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.