هەرێم نیوز
سەرەڕای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ژێرخانی ئابووری و گواستنەوەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرای دەکەن کە ئامانجی کۆتایی پنتاگۆن لەناوبردنی گەورەترین بنکەی دەریایی سوپای پاسدارانە.
بۆردومانکردنی پرد و وێستگەکانی شەمەندەفەر
ئەمڕۆ هەینی ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە درێژەی هێرشە چڕەکانی سوپای ئەمریکادا، چەندین بەشی گرنگی ژێرخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرانە ئامانج. بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، لەم شەپۆلە نوێیەدا پێنج بۆ شەش پردی ستراتیژی لە پارێزگای "هورمزگان" بە تەواوی ڕووخێنراون. هاوکات تاوەرێکی گەورەی چاودێری لە بەندەری دەریایی "چابهار" و وێستگەیەکی سەرەکیی شەمەندەفەر لە ڕۆژئاوای شاری "بەندەر عەباس" بە سەختی بۆردومان کراون.
پلانی پنتاگۆن؛ گۆشەگیرکردنی بەندەر عەباس
هەرچەندە لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت هێرشەکانی ئەمریکا تەنها بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی و گواستنەوەی ئێران بن، بەڵام ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا پەردەی لەسەر ستراتیژە شاراوەکەی واشنتۆن لادا و دووپاتی کردەوە، کە ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانە پرد و وێستگەکان نییە، بەڵکو گۆشەگیرکردنی بەندەر عەباسە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: "سەربازگەیەکی یەکجار گەورەی سوپای پاسدارانی ئێران لە شاری بەندەر عەباس جێگیرکراوە، کە ناوەندی فەرماندەیی هێرشە دەریاییەکانە. ئامانجی ئەمریکا لە ڕووخاندنی پرد و وێستگەکانی دەوروبەری، ئەوەیە کە ئەو ناوچە سەربازییە بە تەواوی گۆشەگیر بکرێت و هیچ جۆرە هاوکاری و چەکێکی پێ نەگات."
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە جەختی کردووەتەوە، کە تاکە ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی تاران، لەناوبردنی تەواوەتی ئەو سەربازگەیەیە، چونکە هێزەکانی ناو ئەو بنکەیە مەترسی و هەڕەشەیەکی یەکجار گەورە و بەردەوامن بۆ سەر ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.