هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی کێشەیەکی ئەمنی لە کێڵگەی کۆرمۆر، هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 2500 مێگاوات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 7ـی 2026، وەزارەتی کارەبا ئاگاداریی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم دۆخە کاتییە و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا وەک خۆی لێبێتەوە و کێشەکە چارەسەر بکرێت.
ئەم کەمبوونەوەیەی بەرهەمهێنانی کارەبا دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ، کۆمپانیای دانەغاز بە فەرمی ڕایگەیاند کە بەهۆی "بوونی هەڕەشەی باوەڕپێکراو و دۆخی نالەباری ئەمنی لە ناوچەکەدا"، بە شێوەیەکی کاتی سەرجەم بەشە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی داخستووە.
کێشە ئەمنییەکەش دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو بە هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرش کرایە سەر ئاسمانی شاری هەولێر، بەڵام لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندران.