هەرێم نیوز
پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هێزی سەرەکی و بنەڕەتی دەبن بۆ ڕابەرایەتیکردنی شەڕی دژی داعش لە قۆناغی داهاتوودا، بەتایبەت لەدوای کۆتایهاتنی ئەرکی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی (OIR) لە عێراق.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 7ـی 2026، لە میانەی پێشوازیکردنی لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی لە ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان شانبەشانی سوپای عێراق کردەوە.
هێگسێت ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە نیشانەی متمانەی بەردەوامی هاوپەیمانانە بە توانای مرۆیی و سەربازیی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
جێگەی ئاماژەیە، لەم دیدارەدا کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پاشەڕۆژی ئەمنیی ناوچەکە ئەنجام درا، لیوا ڕوکن محەمەد سەعید وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بووە.