دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

لە بوداپەرستیەوە بۆ دەستبەسەری؛ ئیسرائیل چۆن سەرۆکێکی پێشووتری ئێرانی ڕاوکرد؟



ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی بەرفراواندا، پەردەی لەسەر هەوڵە نهێنییەکانی ئیسرائیل لادا بۆ دامەزراندن و بەکرێگرتنی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووتری ئێران، وەک "سەرچاوەیەکی هەواڵگری". ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئاشکرابوونی پەیوەندییەکانی نەژاد لەگەڵ دەزگای مۆساد، سوپای پاسدارانی ئێران ناوبراوی خستووەتە ژێر حەساری ماڵەوە (دەستبەسەری ئاگرین).
ڕۆژنامەکە پشتبەستن بە ٤ سەرچاوەی ئێرانی ئاشکرای کردووە کە ئیسرائیل بۆ چەندین ساڵ پلانێکی نهێنی بەڕێوەبردووە بۆ ڕاکێشانی ئەحمەدی نەژاد، بەو ئامانجەی لە قۆناغی داهاتوودا و لە ئەگەری ڕووخانی ڕژێمی ئێستای تاران، وەک ڕێبەری نوێی ئێران دایبنێتەوە.

کۆبوونەوە نهێنییەکەی بوداپەست.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ بەرپرسێکی حکومەتی هەنگاریا داوای لە "غیرغلی دیلی"، سەرۆکی زانکۆیەک لە بوداپەست کردووە کە بانگهێشتنامەیەک بۆ ئەحمەدی نەژاد بنێرێت بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا. "دیلی" بۆ ڕۆژنامەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو کۆنفرانسە تەنها پۆششێک بووە بۆ ڕێکخستنی دیدارێکی نهێنی لە نێوان ئەحمەدی نەژاد و بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل.
هاوکات، بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە داڤید بەرنیع، سەرۆکی دەزگای مۆساد، خۆی بەشێوەیەکی شەخسی سەردانی بوداپەستی کردووە بۆ بینینی ئەحمەدی نەژاد.

ئۆپەراسیۆنی "شێری چاو نەترس" و پارەدان.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسرائیل بڕە پارەی نهێنی داوە بە "عەلی ئەکبەر جەوانفکر"، وتەبێژی پێشووی ئەحمەدی نەژاد، و بریکارەکانی ئیسرائیل چەندین جار لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوی نراوە "الأسد الهصور" (شێری چاو نەترس) لەگەڵیدا کۆبوونەتەوە.
لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەحمەدی نەژاد کەوتە بەر هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل کە تێیدا پاسەوانەکانی و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەی کرانە ئامانج، دواتر بریکارەکانی مۆساد نەژادیان بۆ حەشارگەیەکی نهێنی گواستەوە. ناوبراو لە چاوەکان ونبوو تا ئەو کاتەی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆچکردووی ئێران، دەرکەوتەوە. پاش ئەو دەرکەوتنە، باڵی هەواڵگریی سوپای پاسداران دەستگیریان کرد و خستیانە ژێر نیشتەجێبوونی زۆرەملێوە.

پاڵنەرەکان؛ پارە نەبوو، دەسەڵات بوو.

سەرچاوە نزیکەکان لە ئەحمەدی نەژاد دەڵێن پاڵنەرەکەی دارایی نەبووە. "عەبدولڕەزا داوەری"، ڕاوێژکاری پێشووی نەژاد لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە:

ئەو پارە و تۆڕێکی ئابووری بەرفراوانی هەیە. ئەم کارەی تەنها لە پێناو دەسەڵات و ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ سەر کورسی حوکم کردووە."
سەرچاوەیەکی تری نزیک لەو ڕووداوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەحمەدی نەژاد دوای ئەوەی سێ جار لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لە خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی دوورخرایەوە، متمانەی بە ڕژێمەکە نەمابوو و دەیویست "بە هاوکاری هێزە دەرەکییەکان" بگەڕێتەوە کایەی دەسەڵات. هەروەها لە کۆڕی تایبەتدا ناڕەزایەتی بەرامبەر سەرکردایەتی ئێران و خامنەیی دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە کە لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP