دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

ترامپ: ئێران هەوڵی کوشتنم دەدات و من ئامانجی یەکەمی ئەوانم

ترامپ: ئێران هەوڵی کوشتنم دەدات و من ئامانجی یەکەمی ئەوانم

لە لێدوانێکی توند و بێپێشینەدا لە پەراوێزی لووتکەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە تورکیا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی دا لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی دەدات و ڕایگەیاند کە ئەو "ئامانجی ژمارە یەک"ی تارانە. 

ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:
ئەوان دەیانەوێت سەرکردەی ئەمریکا لەناو ببەن، من لەسەرجەم لیستەکانی ئەواندا هەم، تا ئێستا بەختم هەبووە، بەڵام ڕەنگە ئەمە بەردەوام نەبێت، ئەوان مرۆڤی خراپکار و نەخۆشن، و دەبێت خۆمان لەم شێرپەنجەیە ڕزگار بکەین."

هەڕەشەی پەرلەمانتارانی ئێران لە ترامپ و ئەردۆغان

ئەم لێدوانە توندانەی ترامپ دوای ئەوە دێن کە چەند پەرلەمانتارێکی توندڕەوی ئێرانی بە ئاشکرا داوای بەئامانجکردنی ترامپیان کرد لە کاتی ئامادەبوونی لە تورکیا.

حەمید ڕەسووڵی، پەرلەمانتاری ئێرانی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە داوای کرد شوێنی مانەوەی ترامپ لە ئەنقەرە بە مووشەک بپێکریت و نووسیویەتی: "ئێستا کە دۆناڵد ترامپ لەبەردەستماندایە و هاتووەتە تورکیا، با بە فەرمی و بێ پەردە شوێنەکەی بە مووشەک بپێکین."

هاوکات، موجتەبا زارعی، پەرلەمانتارێکی دیکەی توندڕەوی ئێران، هێرشی کردە سەر سەرۆکی تورکیا و داوای "کردەوەی خۆکوژی" دژی کرد و ڕایگەیاند: "مردن بۆ ئەردۆغان، کە لە لووتکەی ناتۆدا میوانداریی بکوژی ئیمامی شەهید دەکات."

کۆتاییهاتنی ئاگربەست و هێرشە چەکدارییەکان لە گەرووی هورمز

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کۆتاییهاتنی فەرمی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران ڕاگرت و سەرکردایەتی ئەو وڵاتەی بە "پاشماوە" و "نەخۆش" وەسف کرد.

ترامپ وتی: "چیتر نامەوێت مامەڵەیان لەگەڵ بکەم... ئەوان گەلێکی توندوتیژ و دڕندەن، ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبێت بەکاری دەهێنن. لای من هەموو شتێک کۆتایی پێهات."

ئەم ئاڵۆزییە گەورانە دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئەمریکا لە شەوی ڕابردوودا هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر زیاتر لە 80 پێگەی ئێرانی لە دەوروبەری گەرووی هورمز، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران سەر سێ کەشتی بازرگانی.

 

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە هێرشەکانیان سیستمی بەرگری ئاسمانی، وێستگەکانی ڕادار و زیاتر لە 60 بەلەمی بچووکی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران بە هاویشتنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەڵامی دایەوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە بەحرەین و کوێت کردە ئامانج، کە ئەمەش بووە هۆی چالاککردنی زەنگی ئاگادارکردنەوەی مووشەکی لەو دوو وڵاتەدا.

گرژی لەناو لووتکەی ناتۆدا

هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە سەربازییانە، ترامپ لە ناو لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە هێرشی توندی کردە سەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی و تۆمەتباری کردن بەوەی پشتیوانی پێویستی کەمپەینی ئەمریکا دژی ئێران ناکەن. هەروەها هەڕەشەی بڕینی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسپانیا کرد بەهۆی هەڵوێستی ئەو وڵاتە لەسەر خەرجییە بەرگرییەکان. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP