هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پاداشتێکی دارایی شایستە بۆ ئەو کەسانە تەرخان دەکرێت کە زانیاری لەسەر سامان و موڵکە گشتییەکانی پەیوەست بە دۆسیەکانی گەندەڵییەوە پێشکەش دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی 7ـی 2026، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرمییەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی شەفافییەتدا دێت.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و یاساییەوە گیراوەتە بەر، بە مەبەستی هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو سامانانەی لە ڕێگەی نایاسایی و کردەوەی گەندەڵییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو پاداشتە داراییە بەپێی یاسا بۆ ئەو کەسانە خەرج دەکرێت کە زانیاری ورد لەسەر ئاشکراکردنی سامانەکان دەدەن.
هەروەها حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ڕێکارێکی ئۆنلاین و پەیوەندیدار بۆ پێشکەشکردنی زانیارییەکان ڕادەگەیەنێت تا هاووڵاتییان بتوانن بە شێوەیەکی پارێزراو پەیوەندی بە دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بکەن.