هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق سەرکەوتنی گەورەی لە یەکێک لە قورسترین دۆسیەکانی گەندەڵیدا ڕاگەیاند، کە ئەویش بلۆککردن و ڕێگریکردنە لە بەکارهێنانی ئەو سەرمایە زەبەلاحانەی کە لە لایەن بەرپرس و بازرگانە گەندەڵەکانەوە بۆ دەرەوەی عێراق قاچاخ کرابوون.
ڕێگری لە گەندەڵکاران کرا مامەڵە بە پارەکانەوە بکەن
عەباس موتعب، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوە لە دەستەی دەستپاکی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندوقی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق، لە لێدوانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند؛ فەرمانگەکەیان بە پشتبەستن بە سیستمی پێشکەوتوو، یەکێکە لە پێشەنگەکان لە بواری وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا، و لە ڕێگەی ئەم تەکنۆلۆژیایەوە توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر و قەبارەیەکی گەورەی پارەی عێراقیدا لە دەرەوەی وڵات بگرن، ئەمەش بە تەواوی ڕێگری لە گەندەڵکاران کردووە کە بتوانن هیچ جۆرە مامەڵەیەکی دارایی بەو پارانەوە بکەن.
موتعب ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا دەستەی دەستپاکی بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دادی عێراق، کار بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی و شارستانی لەو وڵاتانە دەکات کە پارەکەیان لێیە، بەمەبەستی فەراهەمکردنی زەمینەی گەڕاندنەوەی فەرمیی تەواوی ئەو سامانە دەستبەسەرداگیراوانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
یاسایەکی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی دەخرێتە بەردەم پەرلەمان
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوە ڕوونی کردەوە، کە ئەم دەستکەوتە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا عێراق خاوەنی یاسایەکی گشتگیر نییە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەکانی گەڕاندنەوە لە دەرەوە، بەڵام بەهۆی هەوڵە چڕەکانی محەمەد لامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و ستافەکەیان، پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچووە.
لەو چوارچێوەیەشدا، عەباس موتعب دڵخۆشیی خۆی پیشاندا کە بەمزووانە ڕەشنووسی یاسایەکی تایبەت و گشتگیر بە پرسی گەڕاندنەوەی دارایی قاچاخکراو ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەری، و پێشبینیشی کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەستکەوتی گەورەتر و زیاتر لەم بوارەدا بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت.