هەرێم نیوز
عێراق شاهیدی یەکێک لە گەورەترین و بەرفراوانترین هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی گشتییە لە مێژووی نوێی خۆیدا، کە تێیدا دەیان کەسایەتیی باڵای سیاسی و کارگێڕی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە قۆڵبەست کراون.
ئاماری دەستگیرکراوان گەیشتە ٦٧ کەس و پلان بۆ ٢٠٠ی دیکە هەیە
بەپێی دواین زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکان، تەنیا لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمی ئۆپراسیۆنەکەدا، ئاماری دەستگیرکراوان گەیشتووەتە ٦٧ کەس، کە پەرلەمانتاران، سەرکردە سیاسییەکان، فەرمانبەرانی پلەباڵا، خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی گەورە دەگرێتەوە. ئەم کەسانە بە فەرمی بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی، بەهەدەردانی سامانی گشتی، دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
سەرچاوە باڵاکان ئاشکرایان کردووە کە ئەم پێشهاتە تەنیا سەرەتای ستراتیژییەکی شەش مانگییە بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، و بڕیارە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا، پشتبەستن بە فەرمانی دادوەر، ٢٠٠ کەسایەتیی دیکەی حکومی و حزبی لە بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە دەستگیربکرێن.
دەستگیرکردنی زیاد جەنابی و عالیە نوسەیف
دوێنێ یەکشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاندبوو کە لە قۆناغی یەکەمدا ٤٧ تۆمەتباری باڵا دەستگیرکرابوون، بەڵام لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا ژمارەکە بە خێرایی ڕووی لە زیادبوون کرد. لە نێو دیارترین دەستگیرکراوەکاندا، زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق و جێگرەکەی عالیە نوسەیف هەن.
عەلی زەیدی: چیتر بێدەنگ نابین
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بەم گۆڕانکارییە کتوپڕە ڕایگەیاند: "ئەمە تەنیا قۆناغی یەکەمە. حکومەت بەرپرسیارە لە پاراستنی ماڵی گەل و چیتر بەرامبەر گەندەڵی بێدەنگ نابین. دەبێت دەوڵەت خاوەنی هێز و یاسا بێت و ڕێگە نادەین گەندەڵکاران لە ناو جەستەی دەوڵەتدا بمێننەوە."
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە ئەم دەستکەوتە گەورەیە بەرهەمی هەوڵی هاوبەش و تەواوکاریی نێوان هەر سێ دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێکردن و یاسادانانە.
دەستەکە بەڵێنی شەفافیەتی تەواوی دا و دووپاتی کردەوە کە هێزە تایبەتەکان و دژەتیرۆر تەواوی دەروازەکان و فڕۆکەخانەکانیان کۆنترۆڵ کردووە تا ڕێگری لە ڕاکردنی هەر تۆمەتبارێک بکەن.
دانپێدانانەکانی "حووتی نەوت" سەرەداوی سەرەکین
ئەم هەڵمەتە تەقینەوەییە دوای ئەوە دێت کە لە کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٦، عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن ناسراو بە "حووتی نەوت" بە تۆمەتی گەندەڵییەکی زەبەلاح دەستگیرکرا. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینی باخ و ماڵەکانیدا، دەستیان بەسەر سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلاری نەختینەی شارداوە لە ژێر زەویدا گرت، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دەیان ڤێلا، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر زێڕ، کە دانپێدانانەکانی ناوبراو لە لێکۆڵینەوەکاندا بووە هۆی ئاشکرابوونی تۆڕی بەرپرسە گەندەڵەکانی عێراق.