دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی دوو پرس کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات. 

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لەم کۆبوونەوەیەدا دوو تەوەری سەرەکی و ستراتیژی کە تایبەتن بە یەکخستنی سیستمی گومرگی لەگەڵ بەغدا و پەرەپێدانی مافەکانی کرێکارانی کەرتی تایبەت، تاوتوێ دەکرێن.

تەوەری یەکەم؛ جێبەجێکردنی سیستمی دیجیتاڵیی 'ئەسیکودا' لە گومرگەکاندا

له‌ بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو، کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی سیستمی جیهانیی و دیجیتاڵیی "ئەسیکودا" (ASYCUDA) بۆ بەڕێوەبردنی گومرگەکان، کە لە ڕێکەوتی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە شاری بەغدا واژووکراوە.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران گشت وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەم بابەتەوە ڕادەسپێرێت، لەوانەش وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تەندروستی) لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، تاوەکو هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵیدا بکەن بۆ ئامادەکاریی پەسندکردنی کۆتایی ئەم پڕۆژەیە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری، و دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو. ئەم بابەتە لە لایەن لیژنەی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمەوە پێشکەش دەکرێت کە خۆیان واژووکەری کۆنووسەکە بوون و وەک میوان بەشدارن.

تەوەری دووەم؛ دیاریکردنی کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ کرێکاران

تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تەرخان دەکرێت بۆ پرسی چاکسازییەکان لە بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستاندا. لەم بڕگەیەدا، بڕیار لەسەر پێشنیازی فەرمیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەدرێت کە تایبەتە بە دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی ٥٠٠ هەزار دینار.

ئەم بڕە پارەیە بە تەواوی لە خەزێنەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران دابین دەکرێت، کە ئامانج لێی دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی مافی دارایی ئەو هاووڵاتییانەیە کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن. ئەم بابەتەش ڕاستەوخۆ لە لایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندکردن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP