هەرێم نیوز
دۆکتۆر هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پێشوازیی شاندێکی باڵای دیپلۆماسیی بەریتانیادا، دواین هەڵوێستی فەرمیی حزبەکەی لەسەر پرسی پێکهێنان و کاراکردنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و هۆشداریی توندی دایە ئەو لایەنانەی کە بەربەست لە بەردەم پرۆسەکەدا دروست دەکەن.
پێشوازی لە شاندی باڵای بەریتانیا
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، د. هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازیی کرد لە شاندێکی سیاسیی باڵای باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و کونسولخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بێث ویلسۆن. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی پەرلەمان تاووتوێ کران.
پارتی: خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە دەرئەنجامی دەنگدانیان ببینن
لە کۆبوونەوەکەدا، هێمن هەورامی جەختی لەسەر ستراتیژ و هەڵوێستی نەگۆڕی پارتی کردەوە و ڕایگەیاند: "تەواوی کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان مافی سەرەتایی و یاسایی خۆیانە بزانن کە دەرئەنجامی بەشداریی بەرفراوان و دەنگدانی ئەوان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە کوێ گەیشتووە. هەر لایەن و کەسێک لەم قۆناغەدا ببێتە ڕێگر و کۆسپ بۆ کاراکردنی پەرلەمان دروست بکات، بێگومان ئۆباڵی گەورەی یاسایی، سیاسی، نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەم دواکەوتنە دەکەوێتە ئەستۆی خۆی."
کۆتاییهاتنی بیانووەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی سیاسیی بەرامبەر هیج بیانویەکی نەماوە و وتی: "لە ئێستادا هیچ جۆرە بیانوویەک بۆ کارانەکردنی فەرمیی پەرلەمانی کوردستان لە ئارادا نەماوە؛ هەر لایەنێک بەردەوام بێت لە دروستکردنی کۆسپ و کۆسپ نانەوە، ڕاستەوخۆ خۆی دەکاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی قورسی مێژوویی، سیاسی و یاسایی لە بەرامبەر گەلی کوردستاندا."
هەورامی لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر شێوازی مامەڵەکردنی حزبەکەی لەگەڵ لایەنەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا و جەختی کردەوە: "پارتی بە پشوو درێژییەوە مامەلەی کردوەو چەندین مانگ گفتوگۆی کردوە و ریککەوتنی سیاسی مۆرکراوە .."