دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگایەتی بەشێكی سەرەكیی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوایەتیمانە

هەرێم نیوز

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشمەرگایەتی بەشێکی زێڕین و سەرەکیی ناسنامەی نیشتمانیمانە". جەختیش دەکاتەوە، پەرەپێدانی توانای سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکان گرنگە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی خوێندکاران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچۆلان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا ٢١٠ خوێندکار پلەی ئەفسەرییان پێ بەخشرا.

لە میانی ئاهەنگەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر رۆڵ و پێگەی هێزی پێشمەرگە. 

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ناوی پێشمەرگە زۆر پیرۆزە و پێشمەرگایەتی بەشێکی زێڕین و سەرەکییە لە ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەییمان، هەروەها ئەرکی هەمووانە پارێزگاری لە مێژووی پڕ لە قوربانیدان و شکۆی پێشمەرگە بکەن". 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە دەرچووانی خولەکە کرد لە چوارچێوەی هێزێکی یەکگرتوو و پیشەییدا خزمەت بکەن. روونیشی کردەوە تەنیا مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی کلاسیک شوێنی ئەرکی ئەوان نییە، بەڵکوو پێویستە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و رۆحی داهێنان رابێن و فێربوونی تەکنەلۆجیای سەربازی و راهێنانی بەردەوام بکەنە ستراتیژی کارکردنیان. 

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی هۆشداری دایە ئەفسەرە نوێیەکان بەردەوام پارێزەری بەها شارستانییەکان، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بن و گوتیشی هەرگیز نەبنە بەشێک لە ململانێ و کێشە رامیارییەکان. جەختیشی کردەوە هەمیشە وەک هێزێکی نیشتمانیی کوردستانی بمێننەوە و بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤ بکەن بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی.

نێچیرڤان بارزانی پەیامی یەکڕیزی و پێکەوەژیانی بۆ سەرجەم هێزەکان دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد هێز و مانەوەی هەرێمی کوردستان بەندە بە تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و دانانی بەرژەوەندییە باڵاکان لە سەرووی هەموو ململانێکانەوە.

 لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە رابەرایەتیی ئەمریکای کرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانیان بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لەناوبردنی تیرۆردا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP