دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

وردەکاریی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و عێراق بۆ یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر 16 خاڵی هونەری و کارگێڕیی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە زمانی کوردی بۆ سیستمەکە زیاد دەکرێت و پێناسەی گومرگی لە سەرجەم دەروازەکاندا یەکدەخرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی 6ـی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار  ڕایگەیاند، بە چاودێری و ڕێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدا لەبارەی وردەکارییەکانی سیستمی ئەسیکۆدا گەیشتنە ڕێککەوتن، کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە فەرمی پەسەند بکرێت.

ناوەڕۆکی خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا:

تۆمارکردنی کۆمپانیاکان: هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی خۆی لە سیستمی ئەسیکۆدادا.

راهێنان: گومرگی فیدراڵی، خولی ڕاهێنان بۆ کارمەندانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

بنەمای دەستووری: ڕێککەوتنەکە پاڵپشت بە ماددەکانی 110، 112، 114 و 121ـی دەستووری عێراق واژۆ کراوە.

یەکخستنی پێناسە: پێناسەی گومرگی لە سەرجەم دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکدەخرێت و هەر گۆڕانکارییەکیش بە هاوبەشی دەبێت.

زمانی کوردی: زمانی کوردی وەک زمانێکی سەرەکی بۆ سیستمی ئەسیکۆدا زیاد دەکرێت.

باکئەپ: کۆپیی پارێزراوی سیستمەکە (باکئەپ) بۆ هەموو عێراق لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی هەرێمی کوردستان دەبێت.

ناوچە گومرگییەکان: دانپێدانانی فەرمی بە ناوچە گومرگییە ئازادەکانی هەردوو حکوومەت دەکرێت.

پەسەندکردنی بەڵگەنامەکان: بەڵگەنامەکانی دەستەی وەبەرهێنان، تۆماری کۆمپانیاکان، گەشەپێدانی پیشەسازی و مۆڵەتەکانی هاوردە و هەناردەی هەرێمی کوردستان لە سیستمی ئەسیکۆدادا کاریان پێ دەکرێت.

دەروازە نافەرمییەکان: لێژنەیەکی هاوبەش بۆ دیاریکردن و ڕێکخستنی دەروازە نافەرمییەکان پێکدێت.

ئازادیی دەروازەکان: هیچ سانسۆرێک ناخرێتە سەر دەروازەکان، چ لە هەرێم و چ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

داهات و لێخۆشبوون: بابەتی داهاتی گومرگی، باج و لێخۆشبوونەکان لە ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق یەکلا دەکرێتەوە.

کشتوکاڵ: ڕۆژژمێری کشتوکاڵیی یەکگرتوو پەیڕەو دەکرێت.
کۆنتڕۆڵی جۆری: پشکنینی کۆنتڕۆڵی جۆریی کالا لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکوومەتەوە کاری پێ دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP