هەرێم نیوز
شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە فەرمی گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەی نێوان واشنتن و تارانی ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی لە هەموو کاتێک زیاتر لە واژۆکردنەوە نزیک بووەتەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی (X) ڕایگەیاند: "لەنێو جەرگەی ئەو هەوڵە چڕ و بەردەوامانەی نێوەندگیری کە لەلایەن وڵاتی پاکستانەوە ئەنجام دەدرێن، ئێمە بە تەواوی ئاگاداری ئەو هەڵمەتە بەربڵاوەی زانیارییە ناڕاستەکانین کە لەلایەن ئەو کەسانەوە بڵاودەکرێنەوە کە دەیانەوێت ڕێککەوتنی ئاشتی تێکبدەن."
سەرۆک وەزیرانی پاکستان دووپاتی کردەوە و وتی: "دوور لەو هەموو ژاوەژاوە میدیاییە، دەتوانین بە فەرمی پشتڕاستی بکەینەوە کە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی کۆتایی هاتووە و تەواو بووە. ئێستا پاکستان لە نزیكەوە لەگەڵ هەردوو لا کار دەکات بۆ ڕێکخستنی هەنگاوەکانی داهاتوو، هۆشداریش دەدەین کە ههرگیز ئاشتی وەک ئێستا نزیك نهبوهتهوه."
هاوکات لەگەڵ لێدوانەکەی سەرۆک وەزیرانی پاکستان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ناسراو بە "یاداشتی ئیسلامئاباد" لە ئێستادا "لە هەموو کاتێک نزیکترە" لە چوونە بواری جێبەجێکردنەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران بەڵێنی دا کە سەرجەم وردەکاری و بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە لە کاتی گونجاوی خۆیدا بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە نهێنییەکە چییە؟
هەر ئەمڕۆ، بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی ئەمریکا پەردەی لەسەر بەشێک لە مەرجە ستراتیژییەکانی ڕێککەوتنەکە لادا و ئاشکرای کرد، کە بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە، ئێران پابەند دەکرێت بە:
•لەناوبردنی تەواوەتیی کەرەستە و پاشکۆ ئەتۆمییەکانی ئێستای.
•چوونەدەرەوە و لابردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ناو خاکی وڵاتەکەیدا.
•هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی سەرجەم ژێرخانە تەکنیکییەکانی سەر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.