دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

عەباس عێراقچی: بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ و باج لەسەر کەشتییەکان دەکرێتە زۆرەملێ

هەرێم نیوز

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا پەیامێکی توند ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، سیستمی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە تەواوی گۆڕاوە و چیتر ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش جەنگ، هاوكات ڕایدەگەیەنێت کە بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە، لەگەڵ واژۆکردنی یاداشتنامەکەدا تەواوی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران ئازاد دەکرێت.

سیستمی نوێی گەرووی هورمز؛ پێدانی باج زۆرملێیە
ئەمڕۆ هەینی (١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنەکەیدا تیشکی خستە سەر دۆخی گەرووی هورمز و ڕایگەیاند: "گەرووی هورمز بێگومان لەژێر سەروەریی تەواوی ئێران و عوماندایە و هیچ ڕێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتی تێدا نییە. ساڵانێکی زۆرە ئەم ڕێڕەوە بەخۆڕایی بەڕووی کەشتییەکاندا کراوە بووە و ئاسایشمان پاراستوون، بەڵام چیتر خزمەتگوزارییەکان بەخۆڕایی نابن."

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە: "باج لەسەر خزمەتگوزارییەکان لە گەرووی هورمز دەسەپێندرێت و پێدانی ئەم باجەش زۆرملێیە. بەڕێوەبردنی گەرووەکە ناگەڕێتەوە بۆ سیستمی پێش جەنگ و هیچ کەسێکیش ناتوانێت دژایەتی سەروەریی ئێران و عومان بکات."

مەرجەکانی ئێران و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان
سەبارەت بە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا، عێراقچی ئاشکرای کرد کە داواکارییەکانی واشنتن لەسەرەتادا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە تەواو قبوڵنەکراو بوون، بەڵام پەیامی ڕوونیان پێداون کە ئەگەر بژاردەی شەڕ هەڵبژێرن، ئێران لەوپەڕی ئامادەباشیدایە. وتیشی: "کۆتاییهێنان بە شەڕ بەپێی ڕێککەوتنەکە، بە مانای کشانەوەی یەکجاریی ئیسرائیلە لە ناوچە داگیرکراوەکانی باشووری لوبنان."

سەبارەت بە لایەنی دارایی ڕێککەوتنەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران لە کاتی واژۆکردنیدا بە تەواوی ئازاد دەکرێت و جارێکی تریش ڕێگە نادەین پارەکانمان بلۆک بکرێنەوە. هاوكات پلانێکی گشتگیری ئاوەدانکردنەوەش دانراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەوە بەر ژێرخانی ئێران کەوتوون."

ئەمە تەنها قۆناغی یەکەمە و ئیسرائیل نەیارە
عێراقچی هۆشداری دا کە ئەم ڕێککەوتنە نەیاری سەرسەختی هەیە کە لە پێشەنگیاندا "ڕژێمی ئیسرائیلە" و بەردەوام بەدوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ تێکدانی.

لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە کە جیاوازی ئەمجارە لەوەدایە کە ئەمە تەنها قۆناغی یەکەمە و ڕێککەوتنی کۆتایی نییە، وتیشی: "ئێمە مامەڵە لەگەڵ لایەنێک دەکەین لە ئەمریکا کە بەڵێنەکانی جێبەجێ ناکات، بۆیە ئەگەر ئەو بڕگانەی لە قۆناغی یەکەمدا لەسەری ڕێککەوتووین جێبەجێ نەکرێن، بە هیچ شێوەیەک ناچینە قۆناغی دووەمەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP