هەرێم نیوز
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە، بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نوێ بە مەبەستی بەردەوامیدان بە دانوستانەکان لەگەڵ کابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە دۆسیە دارایی و نەوتییە هەڵپەسێردراوەکان.
داڕشتنی نەخشەڕێگەی دانوستان لەگەڵ بەغدا
ئەمڕۆ چوارشەممە (١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حكوومەتی هەرێم و کابینەی وەزاریی نوێی حكوومەتی فیدراڵی، تێیدا تیشک دەخرێتە سەر سێ تەوەری سەرەکی:
•تەوەری یەکەم: تاووتوێکردنی پێشنیاری هێنانەکایەی دەستەیەکی باڵای وەزاریی هەماهەنگیی هەمیشەیی، بە ئەندامێتیی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەردوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا.
•تەوەری دووەم: خستنەڕووی دوابەرهەم و ئەنجامەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی و دەرئەنجامی دواکۆبوونەوەی شاندەکانی هەردوولا.
•تەوەری سێیەم: بابەتی داهاتە ناوخۆییەکان و سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگی (ئەسیکۆدا) لە هەرێمی کوردستان، خستنەڕووی خشتەی داهاتەکان و کاریگەرییەکانی دۆخی ئێستای ناوچەکە، لەگەڵ تاووتوێکردنی کاریگەریی یەکلانەکردنەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ.