هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵیی "ئەلمەیادین" ڕایگەیاند، لە ساتەوەختی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی، لە ناو باڵەخانەی نووسینگەی ڕێبەرایەتیدا ئامادە بووە کە ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانج.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی 6ـی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد، پاش گەڕانەوەی لە دانوستانەکانی جنێف لە ڕۆژی هەینی، ڕۆژی شەممە سەعات ٩ـی بەیانی چووەتە نووسینگەی ڕێبەرایەتی تاوەکو ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ڕاپۆرتەکەی تایبەت بووە بە ناوەرۆکی دانوستانەکان و ئەو کەشوهەوایەی کە ڕۆژی هەینی هاتبووە ئاراوە، کە تێیدا ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ یەکجار زیاتر ببوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی گێڕانەوەی ڕووداوەکەدا وتی: ئەو باڵەخانەیەی کە تێیدا دانیشتبووین کرایە ئامانج، بەڵام ئەو بەشەی (باڵەی) کە ئێمەی تێدا بووین بە سەلامەتی مایەوە.
ڕاشیگەیاند، یەکەم پرسیار و نیگەرانی کە کتوپڕ بە مێشکمدا هات، ئەوە بوو کە دۆخی ڕێبەرایەتی چۆن دەبێت، چونکە بەپێی ڕێڕەوی ئاسایی کارەکان، دڵنیا بووم کە لە ناو نووسینگەکەیدا ئامادەیە.
عێراقچی جەختیشی کردەوە، کە سەرەڕای ئەوەی ئەگەری ڕوودانی شەڕ و هێرش یەکجار زۆر بوو، بەڵام ورەی عەلی خامنەیی وەک ڕێبەرێکی سەربازی، ڕێگر بوو لەوەی کە بچێتە ناو حەشارگە و پەناگەکانی ژێر زەوی، و تا دواهەمین سات لەسەر کارەکەی خۆی بەردەوام بووە.