هەرێم نیوز
موجتەبا خامنەیی پەیامێکی فەرمی و بەرفراوانی بەبۆنەی ٣٧ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ڕووحوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند، ڕێبازی عەلی خامنەیی و خومەینی چرای داهاتووی کۆماری ئیسلامییە، وتیشی، هێزە چەکدارەکانمان لە مەیدانی سەربازیدا سووکایەتییەکی گەورە و مێژووییان بە بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی 6ـی 2026، موجتەبا خامنەیی هاوکات لەگەڵ جەژنی غەدیر و لەژێر ناونیشانی فەرمیی "پەیامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی" پەیامێکی بڵاوکردەوە.
موجتەبا خامنەیی لە دەستپێکی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمساڵ یەکەمین ساڵیادی کۆچی خومەینییە کە تێیدا عەلی خامنەیی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە وتار، نووسین و ڕێبازی چوار دەیەی ڕابردووی ئەو، وەک گەنجینەیەکی بێبەها و چرای ڕێگەی داهاتوو بۆ دەسەڵاتی نوێی تاران جێگیر دەبێت.
لە پەیامەکەدا هێرشێکی توندی کردووەتە سەر پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا و تێیدا هاتووە، سیستمی باڵادەستی جیهانی لە ڕابردوودا سەربازگەیەکی بە ناوی ئیسرائیل دروستکردووە، بەڵام ئەم سیستمە بوونی ئێرانێکی بەهێز، سەربەخۆ و خاوەن پێگەی ستراتیژی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات قبوڵ ناکات.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە، لایەنی بەرامبەر بەهۆی زەبرە قورسەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە مەیدانی سەربازیدا، تووشی شکست و پاشەکشەیەکی قووڵ بووەتەوە.
موجتەبا خامنەیی هۆشداری دەدات کە لایەنە نەیارەکان دوای شکستی سەربازی، ئێستا فێڵ و پلانەکانی خۆیان لەسەر "شەڕی جۆراوجۆر" چڕ کردووەتەوە و هێرشەکانیان ئاڕاستەی دوو خاڵی سەرەکی لە ناوخۆدا کردووە.
لەوانەش، یەکەم، تێکدانی خۆڕاگریی خەڵک لە ڕێگەی چاندنی تۆوی گومان و دروستکردنی جیاوازیی کۆمەڵایەتی، و دووەم، تێکدانی ئامێری حیساباتی بەرپرسان بە مەبەستی تووشکردنی بڕیاردەرانی باڵا بە هەڵەی ستراتیژی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، داوا لە سەرجەم هاوڵاتیان، بە تایبەت نەوەی گەنج، بژاردەکان و ئەهلی فیکر کراوە کە داهاتووی وڵات بونیاد بنێن؛ هاوژین لەگەڵ ئەمەشدا، هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ناوخۆی دەسەڵات کردووە و ڕایگەیاندووە، لەم دۆخەدا ڕۆڵی بەرپرسان لە پشتگیریکردنی خەڵک یەکجار هەستیارە، و هەر جۆرە هەنگاو، ڕەفتار یان بڕیارێک کە ببێتە هۆی بەدگومانی، ساردبوونەوە و بێئومێدبوونی کۆمەڵگە، بە جۆرێک لە هاوکارییکردنی ڕاستەوخۆی دوژمنانی وڵات دادەنرێت.