هەرێم نیوز
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران، گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە؛ هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان لە ناوچە ئاوییەکانیاندا خستووەتە خوارەوە.
پێکانی درۆنی ئەمریکی لە جۆری MQ-1
ئەمڕۆ یەکشەممە (٣١ی ئایاری ٢٠٢٦)، هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی "میهر"ی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری (MQ-1) لە کاتی نزیکبوونەوەی لە حەوزی ناوچە ئاوییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە دەستنیشان کراوە و بە مووشەکێکی دژەفڕۆکە بە تەواوی پێکراوە و خراوەتە خوارەوە."
فەرماندەیی بەرگریی ئاستانیی ئێران لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا هۆشداریی توندی دایە هێزە بیانییەکان و جەختی کردەوە: "تەواوی ئاسمانی ناوچە ئاوییەکانی ئێران بە شێوەیەکی تۆکمە لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی هێزەکانماندایە؛ هەر جۆرە بەزاندنی سنوورەکان یان هێرشێک بکرێتە سەر ئەو ناوچانە، بێ دوودڵی و بە توندترین شێوە وەڵامی دەدرێتەوە."
شڵەژانی ئاگربەست و پاشخانی گرژییەکان
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی نیسانی ڕابردووەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ئاگربەستێکی کاتی ڕاگەیەندراوە، بەڵام پێشێلکارییەکان بەردەوامن. ڕێک ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش، چەندین هێرش و هێرشی پێچەوانەی چەکداری لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و سوپای پاسداران لە ناوچەکەدا ڕوویان دابوو، کە وایکردووە ئاسۆی چارەسەری دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا بەرەو لێڵبوون بچێت.