دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕووسیا و بزووتنەوەی تاڵیبان ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاریی سەربازی و تەکنیکی واژۆ دەکەن

هەرێم نیوز

ڕووسیا و حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، لە میانی سەردانی محەمەد یەعقوب موجاهید، وەزیری بەرگریی تاڵیبان بۆ مۆسکۆ لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاریی سەربازی و تەکنیکی لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی 5ـی 2026، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەم ڕێککەوتننامەیە لە پەراوێزی "کۆڕبەندی ئاسایشی نێودەوڵەتیی مۆسکۆ" و بە ئامادەبوونی سێرگی شویگۆ، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا و وەزیری بەرگریی تاڵیبان واژۆ کراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی بەندەکانی بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێتەوە. 

ئەم هەنگاوەش وەک نیشانەیەک بۆ گواستنەوەی پێەیوەندییەکانی هەردوولا لە هاوڕایی سیاسییەوە بۆ هاوکاریی سەربازیی ڕاستەوخۆ لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

پەیوەست بەم بابەتەش، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان بە کەناڵی "العربية"ـی ڕاگەیاندووە، ئەم ڕێککەوتننامەیە چوارچێوەیەکی یاسایی دابین دەکات کە ڕێگە بە حکومەتی تاڵیبان دەدات گرێبەستی فەرمی بۆ کڕینی کەرەستە و چەکی سەربازیی ڕووسی واژۆ بکات، هاوکات پڕۆژەکانی هاوکاریی تەکنیکی و بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیش دەگرێتەوە. 

ئەو سەرچاوەیە جەختیشی کردووەتەوە کە هێشتا زووە باس لە ڕادەستکردنی دەستبەجێی سیستمی بەرگریی ئاستی بەرز بکرێت، بەڵام ڕێککەوتنەکە ڕێگاکە بۆ هاوکاریی بەرفراوانتر لە ئایندەدا خۆش دەکات.

لە بەرامبەردا، سەرچاوەکانی دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە پرسی دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هێزەکانی تاڵیبان لە دانوستانەکانی ئەم دواییەدا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، و گفتوگۆ لەبارەی پڕچەککردنی هێزە وشکانییەکان و بەرنامە تایبەتەکانی مەشقپێکردنیش کراوە. 

سەرەڕای ئەوەش، هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە کە ئایا ئەم کەرەستانە سیستمە پێشکەوتووەکانی بەرگری یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لەخۆدەگرن یان نا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP