دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی قەڵای ستراتیژیی 'شەقیف' لە باشووری لوبنان ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

گرژی و پێکدادانە سەربازییەکانی بەرەی باکووری ئیسرائیل و باشووری لوبنان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدارەوە؛ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێزەکانیان توانیویانە دەست بەسەر قەڵای مێژوویی و ستراتیژیی "شەقیف"دا بگرن، کە بە یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنرا.

گرتنی بەرزاییەکانی شەقیف لە ئۆپراسیۆنێکی فراواندا
ئەمڕۆ یەکشەممە (٣١ی ئایاری ٢٠٢٦)، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی زەمینیی بەرفراوانی لە ناو خاکی لوبناندا ڕاگەیاند. دوابەدوای دەستپێکردنی هێرشەکە، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد: "هێزەکانی سوپای ئێمە سەرکەوتووانە توانیویانە دەست بەسەر بەرزایی و قەڵای شەقیفدا بگرن، کە پێگەیەکی یەکجار گرنگ و دێرینی ناوچەکەیە."

قەڵای شەقیف پێگەیەکی مێژوویی و جیۆسیاسیی یەکجار گرنگی هەیە و دەیان ساڵە لە کایەی ململانێ سەربازییەکاندا کێشەی گەورەی لەسەرە، چونکە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، هەر لایەنێک زاڵ بێت بەسەریدا، کۆنترۆڵی سەربازیی ناوچەیەکی بەرفراوانی دەوروبەری دەکات.

کاتس: سوورین لەسەر وردوخاشکردنی حزبوڵا
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەی لێدوانەکانیدا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی نەیارەکانی کرد و گوتی: "ئێمە بە تەواوی سوورین لەسەر وردوخاشکردنی هێزەکانی حزبوڵای لوبنانی و تەواوکردنی ئەو ئەرکە سەربازییەی کە پێمان سپێردراوە؛ دوژمنەکانمان لەم قۆناغەدا یەک لە دوای یەک پێگە ستراتیجی و گرنگەکانی خۆیان لەدەست دەدەن."

قەڵای مێژوویی شەقیف کە نزیکەی ٧١٧ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر و بۆ سەردەمی ڕۆمەکان دەگەڕێتەوە، و بەهۆی زاڵبوونی بەسەر ناوچە سنوورییەکاندا، وەک کلیلێکی سەربازیی گرنگ لە باشووری لوبنان سەیر دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP