هەرێم نیوز
بانکی ئیسلامیی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی خزمەتگوزاریی مورابەحەی ئیسلامیدا قەرز بە بڕی تاوەکو 100 ملیۆن دینار دەداتە ئەو مووچەخۆرانەی کە خاوەنی کارتی بانکیی پڕۆژەی "هەژماری من"ـن.
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی 5ـی 2026، بەپێی ڕاگەیاندراوێکی فەرمیی بانکی ئیسلامیی عێراق، بانکەکە خزمەتگوزارییەکی نوێی دارایی لەژێر ناوی "مورابەحەی ئیسلامی" خستووەتە ڕوو، کە تێیدا مووچەی مانگانەی فەرمانبەر دەبێتە کەفیل بۆ بەدەستهێنانی قەرز تاوەکو بڕی 100 ملیۆن دینار.
ئاماژەی بەوەش کراوە، کە قیستی مانگانەی ئەم قەرزە لە 17 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و بڕکەشی لە نیوەی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرەکە زیاتر نابێت.
بانکەکە داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات کە دەیانەوێت لەم دابینکردنی داراییە سوودمەند بن، بە مەرجی ڕوون و گونجاو، سەردانی نزیکترین لقی بانکەکە بکەن لە ناوچەکانی خۆیان.
مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە ئەوەیە، کە دەبێت مووچەخۆرەکە کارتی بانکیی پڕۆژەی (هەژماری من)ی هەبێت؛ هاوکات ئاشكرا کراوە کە ئەم قەرزە بە شێوازی نەختینەیی (کاش) نادرێتە دەست کڕیار، بەڵکو تەنیا بۆ کڕینی چەند بابەتێکی دیاریکراوە، بەتایبەتی کڕینی ئۆنلاین، ئۆتۆمبێل و خانوبەرە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ئاداری ساڵی 2024دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی ڕایگەیاند، بانکی ئیسلامیی عێراق (IIB) بووەتە یەکێکی دیکە لەو بانکە پشکدارانەی کە بەشدارییان لە پڕۆژەی نیشتمانیی (هەژماری من)دا کردووە، بە مەبەستی بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.