دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

تاران مەرجی نوێ بۆ ڕێککەوتنەکە ئاشكرا دەکات: پێش پێدانی 12 ملیار دۆلارەکە هیچ هەنگاوێک نانێین

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی ئێرانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، ئیدیعاکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی مەرجەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ تاران ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، کە ئەم لێدوانانە "تێکەڵەیەک لە ڕاستی و درۆن" و دوورن لە ناوەڕۆکی دەقی لێکتێگەیشتنەکە.

ئەمڕۆ هەینی، 29ـی 5ـی 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دەقی لێکتێگەیشتنە ئەگەرییەکە لە ژێر ناونیشانی "تەحەکوم بەرامبەر بە تەحەکوم" (بەڵێن بەرامبەر بە بەڵێن) داڕێژراوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتایی پێداچوونەوەدایە لە ناوخۆی ئێراندا؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە لێدوانەکانی ترەمپ لەگەڵ ناوەڕۆکی دەقەکەدا دژبەیەکیشن.

پشتبەست بە ڕاپۆرتەکە، ئاژانسەکە چەند تەوەرێکی سەرەکیی ڕەتکردووەتەوە کە ترەمپ ئاماژەی پێ دابوون:
یەکەم؛ گەرووی هورمز:

بەپێی سەرچاوەکانی ئاژانسەکە، هیچ بەندێک لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا نییە کە ئاماژە بە هاتوچۆی بێبەرامبەر و بێ پشکنین بکات، بەڵکو ئێران جەختی کردووەتەوە کە دوای هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکە، گەرووەکە بەپێی ڕێکار و سیستمی تایبەتی خۆی بەڕێوەدەبات، کە پشکنین، چاودێریکردنی کەشتییەکان و دابینکردنی ئاسایش لە خۆدەگرێت.

دووەم؛ لەناوبردنی ماددە ئەتۆمییەکان:

سەرچاوە ئاگادارەکان دووپاتیان کردووەتەوە، کە ئیدیعای ترەمپ بۆ لەناوبردن یان دەرهێنانی ماددە پیتێنراوەکانی ژێر زەوی، لە بنەڕەتدا بێبنەمایە و لە ناوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا بوونی نییە.

بەندە سەرەکییەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کە ترەمپ باسی نەکردوون:

١. پێدانی دەستبەجێی 12 ملیار دۆلار: گرنگترین بەشی لێکتێگەیشتنەکە کە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێ نەکردووە، مەرجی ئازادکردنی دەستبەجێی 12 ملیار دۆلارە لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، و تاران ڕایگەیاندووە تاوەکو ئەم پارەیە نەدرێت، ناچێتە چوارچێوەی هیچ قۆناغێکی دیکەی دانوستانەوە.

٢. ئاگرپێبڕان لە لوبنان: تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، جێبەجێکردنی ئاگربەستی گشتگیرە لە لوبنان بەپێی ڕوانگە و مەرجەکانی حزبوڵا.

ئاژانسی فارس ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەنیا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەدا، ئێران لە قۆناغی داهاتوودا ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەسەر لادانی گشت سزاکان و دۆسیەی ئەتۆمی بەپێی هێڵە سوورەکانی خۆی، هاوكات بەرپرسانی ئێرانیش ڕایانگەیاندووە کە ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای بێمتمانەیی تەواو بە ئەمریکا داڕێژراوە، تاوەکو لە کاتی هەر پێشێلکارییەکدا، تاران بتوانێت دەستبەجێ هەنگاوی هاوشێوە بنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP