هەرێم نیوز
ئەمڕۆ شەممە (٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦)، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بە مەبەستی داڕشتنی دیدگایەکی دارایی نوێ و تۆکمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان، سەردانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کرد و لەگەڵ وەزیر و ستافی پێشکەوتووی وەزارەتەکە کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەشدا چەندین بڕیار و ڕێنمایی توندی کارگێڕی و دارایی دەرکرد.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نێو کۆبوونەوەکەدا بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی پێشهاتە خێرا و هەستیارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە (کە کاریگەرییان لەسەر توانای هەناردەکردن و داهاتی نەوتیی وڵات داناوە)، عێراق بە قۆناغێکی دارایی و ئابووریی یەکجار دژواردا تێدەپەڕێت.
زەیدی ڕایگەیاند: "پشتبەستنی ٪٩٠ی بودجەی گشتیی وڵات بە داهاتی نەوت، مەترسییەکی گەورەیە؛ بۆیە پێویستە دەستبەجێ کار بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی و گەشەپێدانی کەرتی ئابووریی نانەوتی بکرێت."
هاوکات داوای لە بەرپرسانی دارایی کرد کە پێویستە بە شێوازێکی ڕاستگۆیانە و بەبێ هیچ زیادەڕەوییەک، هاووڵاتییان لە ڕاستیی ئاڵەنگارییە داراییەکانی بەردەم دەوڵەت ئاگادار بکرێنەوە.
لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی بژێویی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە نێو بازاڕدا، عەلی زەیدی فەرمانی بڕاوەی دا بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و مستەهەقانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە کاتی یاسایی خۆیدا بەبێ هیچ دواکەوتنێک. هاوکات داوای خێراکردنی ئامادەکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران و بەڵێندەرانی کرد.
سەبارەت بە دۆسیەی چاکسازی لە دەروازەکاندا، سەرۆک وەزیران فەرمانی دا بە وردبینیکردن و پێداچوونەوەی هەمەلایەنە بە داهاتی شەش مانگی ڕابردووی گومرگەکان و خێراکردنی پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی تەواوی سیستەمەکە، بە مەبەستی بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە بڕیارێکی سەرنجڕاکێش و پێشینەداردا کە پەیوەستە بە ڕیفۆرمی کارگێڕی و پڕۆتۆکۆلی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی بە فەرمی هەڵواسینی وێنەی خۆی و سەرجەم وەزیرەکانی کابینەکەی لە تەواوی فەرمانگە و دامودەزگا حکومییەکاندا قەدەغە کرد.