دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

کەنەدا یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی کەنەدا یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتایان لە وڵاتەکەیان ڕاگەیاند، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ڕێکارە فریاگوزارییە تەندروستییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەناو کەشتیی گەشتیاریی (ئێم ڤی هۆندیوس).

ئەمڕۆ شەممە، 16ـی 5ـی 2026، تۆڕی هەواڵی (سی بی سی نیوز)ـی کەنەدی لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکییەوە تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتای لە کەنەدا پشتڕاست کردەوە.

 لە ئێستاشدا لایەنە تەندروستییەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە پەتاگەراییەکانیان بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی تووشبوونەکە و چۆنیەتیی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

تۆمارکردنی ئەم حاڵەتە لە کاتێکدایە کە چەندین وڵات ڕێوشوێنی توندی کەرەنتینە و چاودێریی تەندروستییان گرتووەتەبەر، ئەوەش دوای تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی پەیوەندیدار بەو کەشتییە گەشتیارییەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنە فەرمییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاوەکو ئێستا مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەسەر ئاستێکی فراوان، لە ئاستێکی نزمدا ماوەتەوە.

جێی باسە، ڤایرۆسی هانتا نەخۆشییەکی دەگمەنەو زۆرجار لە ڕێگەی دەردراو و پاشماوەی جرج و مشکەوە دەگوازرێتەوە، و لە هەندێک حاڵەتیشدا دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی توندی هەناسەدان لە کەسی تووشبوودا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP