دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: هیچ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە و نامانەوێت ببینە بەشێک لە ململانێکان

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پەیوەندییە دەرەکییەکان، ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا و هێرشە مووشەکییەکان دەخاتە ڕوو.

پەیوەندییە هەرێمییەکان و هەڵوێستی هەرێم لە ململانێکان
ئەمڕۆ شەممە ٨ی ئابی ساڵی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی "ئەلجەزیرە" ڕایگەیاند، هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە و دۆسیەی سیاسەتی دەرەوە لە تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی حکوومەتی فیدراڵییە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوەش کردەوە، کە هیچ لایەنێک فشاری لەسەر هەرێمی کوردستان دروست نەکردووە بۆ چوونە ناو شەڕەوە و نامانەوێت ببیینە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە. تاکە ئامانجی حکوومەتی هەرێم، پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان و هێشتنەوەیەتی بە دوور لە هەر ئاڵۆزی و ناکۆکییەک.

هێرشەکان، ئامادەیی ئەمریکا و پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ دیمەشق هەیە و لە گەشەکردندایە، هاوکات پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیاش لە ئاستێکی زۆر باشدان و هاریکاریی بەردەوام لە نێوانیاندا هەیە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی حکوومەت باسی لە دۆخی ئەمنی کرد و ئاماژەی بەوە دا، تاکوو ئێستا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووەتەوە، کە ئەو هێرشانە یان ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە دێن، یان لە ناوخۆی عێراقەوە لە ڕێگەی هەندێک گرووپی چەکدارەوە ئەنجام دەدرێن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، پشتگیری لە هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک تەنیا لە دەستی هێزە فەرمییەکاندا؛ هەروەها جەختیشی کردەوە کە ماوەی ١٠ ساڵە هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی هەریردا بوونی نەماوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP