دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق: لەسەر داوای هادی عامری هێرشەکەمان دواخست

هەرێم نیوز

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی داواکاریی هەندێک سەرکردەی سیاسییەوە ئەو هێرشەی بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجامی بدەن دواخراوە، هاوکات ڕەخنەی توند لە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر پاراستنی سەروەریی عێراق دەگرن.

دواخستنی هێرشەکە و پەیام بۆ سەرکردە سیاسییەکان
ئەمڕۆ هەینی ٧ی ئابی ٢٠٢٦، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بڕیاریان داوە ئەو هێرشەی کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بە ئاڕاستەی وڵاتی سعودیە ئەنجامی بدەن دوابخەن، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی هادی عامری و هەڵوێستی ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.

مقاوەمەی ئیسلامی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە خوێنی کوژراوەکانیان نابێتە کاڵایەک لە بازاڕی مامەڵە و هاوکێشە سیاسییەکاندا؛ هاوکات داواش لەو کەسانە دەکات کە بە وتەی ئەوان "پۆست و کورسی کوێری کردوون" بەخۆیاندا بچنەوە و هەوڵی جدی بدەن بۆ پاراستنی سەروەریی پێشێلکراوی خاکی وڵات.

هۆشداری بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، با ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بزانن کە خوێنی قوربانی و بریندارەکانیان هاندەری زیاتری مانەوە و خۆڕاگرییانە.

گرووپەکە جەختیشی کردووەتەوە کە سەروەریی خاکی عێراق بە بەیاننامەی شەرمنانە ناکڕدرێت و ناگەڕێتەوە، بەڵکو تەنیا بە دەستی ئەو کەسانە دەپارێزرێت کە هیچ کاتێک سازش لەسەر پیرۆزیی خاکی وڵات و کەرامەتی قوربانییەکانیان ناکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP