هەرێم نیوز
وتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لە شەوی هەینیدا، بووەتە هۆی دەستگیرکردنی تۆڕێکی چەکداری و دەستبەسەرداگرتنی چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستەی سەربازی، کە ئامانجیان ئەنجامدانی هێرش بووە.
ئەمڕۆ شەممە، 8ـی 8ـی 2026، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەو ئۆپراسیۆنە پێشوەختەیەی شەوی هەینی ئەنجام دراوە، ئۆپراسیۆنێکی گرنگ بووە و بە هەماهەنگیی نێوان دەزگای هەواڵگری و دەزگای دژەتیرۆر بەڕێوە چووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپراسیۆنەکە بووەتە هۆی دزەکردنە ناو تۆڕەکە، هەڵوەشاندنەوەی و دەستگیرکردنی ئەندامەکانی، هاوکات دەست بەسەر ئامێر و کەرەستەکانیاندا گیراوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش لەخۆ دەگرێت، و ئامانجیان ئەنجامدانی هێرش بووە بۆ سەر چەند ئامانجێکی دیاریکراو.
عەبوودی جەختیشی کردەوە کە ئەمە پەیامێکی دڵنیایییە بۆ هاووڵاتییان کە هێزە ئەمنییەکان لەسەر فەرمانی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەردەوامن لە پاراستنی ئاسایشی وڵات و بەرژەوەندییە گشتییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان بە کەناڵی "ئەلحەدەس"ی سعودیەیان ڕاگەیاندووە، ئەو شانەیە لە سێ کەس پێکهاتوون و سەر بە گرووپە چەکدارەکانن کە لە پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا دەستگیر کراون.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە دەست بەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوودا گیراوە کە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی دەرەوەی عێراق ئامادە کرابوون، و بانگەشەی ئەوەشیان کردووە کە شانەکە پەیوەندییان بە کەسایەتییە ئێرانییەکانەوە هەیە کە پەیوەستن بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە.