هەرێم نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکانی کەرکووک، کە لە ئەیلوولی 2025ـەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانجیەتی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بگەیەنێتە بەرزترین ئاست کە 420 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
سەلیم ڕوکابی، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئێستادا قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک 320 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، و لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ئامانجیانە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 420 هەزار بەرمیل بەرز بکەنەوە.
هاوکات قەبارەی بەرهەمهێنانی گاز لە 255 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 400 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە ڕۆژێکدا بەرز دەکرێتەوە.
ڕوکابی سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمپانیای بی پی (BP) لە پڕۆژەکەدا ڕوونی کردەوە، دیارترین کارەکانی ئەو کۆمپانیایە بریتین لە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووک، فراوانکردنی دامەزراوەکانی کۆمپانیای گازی باکوور، و دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای 400 مێگاوات.
ئەمە جگە لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هێزی کاری ناوخۆیی و پەرەپێدانی توانای کارمەندانی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی باکوور.
وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت جەختی لەوەش کردەوە، ئەم پڕۆژانە دەبنە هۆی ڕاگرتنی سووتانی بەردەوامی گاز و بەکارهێنانی بە باشترین شێوە بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا.
ئەمەش هاوکار دەبێت لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ، زیادکردنی هەناردەی نەوت، و بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابووری و ژینگەیی گرنگ بۆ وڵات.
لە کۆتاییدا سەلیم ڕوکابی ئاماژەی بەوە کرد، پلان و گفتوگۆکانی داهاتوویان لەگەڵ کۆمپانیای BP بەردەوام دەبن بە مەبەستی فراوانکردنی هاوکارییەکان و تاوتوێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەتری گەڕان و پشکنینی نەوت لە ناوچەی کەرکووک.