هەرێم نیوز
قایمقامیەتی دهۆک سیستەمی دابەشکردنی بەنزینی حکوومەتی کردە دیجیتاڵی و چەند بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی سەرەی بەنزینخانەکان دەرکرد.
بەهۆی بارودۆخی ئێستای بەنزین و گرانبوونی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان، لە تەلاری قایمقامیەتی قەزای دهۆک، بە سەرپەرشتیی (بریندار حەیدەر) قایمقامی قەزای دهۆک و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای دهۆک، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا و ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:
١- دیجیتاڵکردنی سەرەی وەرگرتنی بەنزین بۆ هەبوونی شەفافییەت و دادپەروەریی زیاتر لە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی میریدا (حکوومی)، بە جۆرێک کە هەر ئۆتۆمبێلێکی کرێ (تەکسی) سێ ڕۆژ جارێک مافی وەرگرتنی بەنزینی میریی هەبێت و ئۆتۆمبێلەکانی دیکەش پێنج ڕۆژ جارێک ئەم مافەیان هەبێت.
٢- لە کاتی دابەشکردنی بەنزینی میریدا، نابێت هیچ جۆرە بەرهەمێکی دیکەی سووتەمەنی لەو بەنزینخانەیەدا بفرۆشرێت (بە شێوازی بازرگانی یان هاوبەشی).
٣- قەدەغەکردنی دانانی هەر جۆرە کەرەستەیەک لەسەر شەقامەکان بە مەبەستی سەرەگرتن.
٤- سەرجەم دەزگا فەرمی و ئەمنییەکان هاوکار دەبن بۆ ڕێکخستنی دابەشکردنی بەنزینی میری.
٥- داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان و شۆفێرانی خۆشەویست دەکەین هاوکار و پابەندی ڕێنمایییەکانی پرۆسەی دابەشکردنەکە بن و لە کاتی ڕوودانی هەر سەرپێچییەکدا دەتوانن لە ڕێگەی ژمارەی تایبەت بە سکاڵاکانەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە، کە ژمارەیەکی فەرمییە و لە سەرجەم بەنزینخانەکانی دهۆکدا هەڵواسراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بەنزینخانەکانی دهۆک سەرجەم بڕیارەکان خرانە بواری جێبەجێکردنەوە.