دواین هەواڵ

ئابوری‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

سیپان شێروانی: مووچەی ئەمساڵی عێراق و هەرێمی کوردستان زامن کراوە و قەیرانەکە کاتییە

هەرێم نیوز

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان زامن کراوە و ئاماژە بەوەش دەدات کە قەیرانی دارایی ئێستا کاتییە و حکومەتی فیدراڵی چەندین ئامرازی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە.

هۆکارەکانی قەیرانی دارایی و زامنبوونی مووچە
ئەمڕۆ شەممە ٨ی ئابی ٢٠٢٦، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، هۆکاری سەرەکیی قەیرانی دارایی ئێستای عێراق، پشتبەستنی تەواوەتییە بە یەک سەرچاوەی داهات، بەجۆرێک ٪٩٠ی داهاتی گشتی، ٪٩٠ی هەناردە و ٪٥٠ی داهاتی ناوخۆ لە نەوتەوە دەستدەکەوێت، هەروەها ٪٩٠ی هەناردەی نەوتیش لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەگەرچی ئەم پشتبەستنە لە ماوەی درێژخایەندا مەترسیدارە، بەڵام لە ماوەی کورتخایەندا قابیلی چارەسەرە و هیچ مەترسییەک لەسەر فەوتانی مووچەی ئەمساڵ نییە، چونکە بەغدا چەندین کارت و ئامرازی دارایی لەبەرکەوتەدایە، لەوانەش توانای بانکی ناوەندی بۆ دەرکردنی ٢٠ تا ٣٠ ترلیۆن دیناری نوێ، کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان بۆ خوار ٨ ترلیۆن دینار لە مانگێکدا، زیادکردنی داهاتی نانەوتی بۆ نزیکەی ٣ ترلیۆن دینار و بەرزکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە زامنکردنی ئاسایشی بیرە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

پێشنیازەکان بۆ چاکسازی و بودجەی داهاتوو
پەرلەمانتارەکەی عێراق چەند ڕێکار و پێشنیازێکی بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە خستە ڕوو، لەوانە پەلەنەکردن لە داڕشتنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ تا شێوازی هەناردەی نەوت ڕوون دەبێتەوە، دواخستنی بودجەی بەرنامە و ئەدا، هەروەها کارکردن بۆ داڕشتنی "بودجەی سەربەخۆ یان سفری" کە بە پێداویستییەکی زەروریی ئابووریی ئەمڕۆی عێراقی دەزانێت.

سیپان شێروانی جەختیشی کردەوە کە پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت پرسی داهاتی نانەوتی و سیستەمی ئەسیکۆدا چارەسەر ببن. ئەوەشی ڕوونکردەوە کە دەکرێت ئەم قەیرانە بکرێتە دەرفەتێک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و لە کاتی بەرزبوونەوەی داهاتەکانیشدا بەشێک لە پارەکە بخرێتە سندوقی سیادییەوە، تاوەکو لە داهاتوودا لە کاتی داڕمانی نرخی نەوتدا ئابووریی عێراق تووشی داڕمانی تەواوەتی نەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP