هەرێم نیوز
لە کاتێکدا سەرنجی میدیاکان و بازاڕە جیهانییەکان لەسەر گۆڕانکارییەکانی نرخی زێڕ و نەوتە، پەکین شەڕێکی ئابووریی بێدەنگ بەڕێوە دەبات و بە شێوازێکی سەرنجڕاگر و هەنگاو بە هەنگاو، ملیارەها دۆلار لە ناو جەرگەی بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەکشێنێتەوە.
کشانەوە لە بازاڕی خانوبەرە و زەویی کشتوکاڵی
بەپێی دوایین ئامارەکان، وەبەرهێنەرانی چینی زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار لە خانوبەرەی بازرگانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فرۆشتووە. بەمەش چین لە پێگەی "گەورەترین کڕیار"ەوە گۆڕاوە بۆ "گەورەترین فرۆشیار"، بەجۆرێک لە ماوەی پێنج ساڵدا قەبارەی فرۆشتنەکانی گەیشتووەتە ٢٣.٦ ملیار دۆلار.
ئەم کشانەوەیە تەنها کەرتی خانوبەرەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کەرتی کشتوکاڵیشی گرتووەتەوە؛
پەکین خاوەندارێتی خۆی لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا بە ڕێژەی ٢٧% تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا کەمکردووەتەوە. ئەمەش پاشەکشەیەکی ڕوونە لەو زەوییانەی کە پێشتر وەک دەروازەیەک بۆ چوونە ناو بازاڕی خۆراکی ئەمریکی بەکاری دەهێنان.
گورز لێدان لە سندوقە گەورەکانی وەبەرهێنان
مەترسیدارترین هەنگاوی چین، کشانەوەی سندوقە سیادی و نیمچە حکومییەکانیەتی لە سندوقە زەبەلاحەکانی وەبەرهێنانی ئەمریکا و جیهان، وەک Blackstone و KKR.
ئەم سندوقە ئەمریکییانە پێشتر بۆ ئەنجامدانی گرێبەستە گەورەکانیان لە کەرتەکانی خانوبەرە، وزە و پشکەکاندا، پشت بەستنێکی زۆریان بە دارایی و پارەی چینی هەبوو.
لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە نوێیە
ئەم ستراتیژییە نوێیەی پەکین ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕی ناوخۆیی ئەمریکا:
خاوبوونەوەی بازاڕی خانوبەرە: نرخی خانوبەرە لە چەندین ویلایەتی سەرەکی وەک نیویۆرک و کالیفۆرنیا دەستی بە خاوبوونەوە کردووە.
قەیرانی نەختینە: سندوقە گەورەکانی وەبەرهێنان لە ئێستادا ڕووبەڕووی کێشەی کەمیی نەختینە (Liquidity) بوونەتەوە.
گوشار لەسەر دراو: دۆلاری ئەمریکی کەوتووەتە ژێر شەپۆلێکی نوێی گوشارە داراییەکان.
شارەزایان لە بەردەم دوو شیکاری جیاوازدان؛ ئایا ئەم ڕەفتارەی چین تاکتیکێکی زیرەکانەیە بۆ لێدان و لاوازکردنی ئابووری ئەمریکا، یان پلانێکە بۆ گواستنەوە و سەرلەنوێ وەبەرهێنانەوەی ئەو سەرمایانە لە کیشوەرەکانی ئەفریقا و ئاسیا لە چوارچێوەی پڕۆژەی (پشتێنە و ڕێگا)؟