هەرێم نیوز
بەهۆی ئەو زیانە گەورانەی لە ئەنجامی جەنگ و پێکدادانەکان بەر کارگەکانی پێترۆکیمیایی ئێران کەوتوون، هاوکات بەهۆی کاریگەریی کەمەرشکێنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، حکومەتی تاران ناچار بووە بۆ دابینکردنی ماددەی خاو پەنا بباتە بەر ڕێگە نافەرمییەکانی وەک کۆڵبەری و مەلەوانی (بەلەمی بچووک).
نەرگس باقری زومڕودی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڕێنماییەکانی هەناردە و هاوردە لە وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ محەممەد عەلی بەهپووری، بەڕێوەبەری گشتیی هاوردە لە گومرگی ئێران، بڕیارێکی نوێی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە: "هاوردەکردنی ماددە خاوەکانی پەیوەست بە بواری پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە ڕێگەی کۆڵبەری و مەلەوانییەوە ڕێگەپێدراوە."
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە؛ هاوردەکردنی ئەو پێداویستییە پیشەسازییانە تەنها لە چوارچێوەی لیستێکی دیاریکراودا دەبێت و پێویستە پابەندی ئەو ڕێنماییە گشتییانە بن کە بۆ کاری کۆڵبەری و مەلەوانی دانراون.
ئەم بڕیارە کتوپڕەی تاران لە کاتێکدایە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا یەکە بەرهەمهێنەرەکانی پیشەسازیی پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە ناوخۆی ئێراندا، لە دابینکردنی ماددەی خاودا ڕووبەڕووی کێشە و سنوورداربوونی توند بوونەتەوە، چونکە گەمارۆ دەریایی و ئابوورییەکانی ئەمریکا هاوردەکردنی ئەو ماددانەی لە ڕێگە فەرمییە نێودەوڵەتییەکانەوە بە تەواوی پەکخستووە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بە پاساوی ئەوەی "کۆڵبەری زیان بە ئابووری نیشتمانیی وڵات دەگەیەنێت"، لە ڕێگەی هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە بە توندی و بە چەک ڕووبەڕووی کۆڵبەران دەبوونەوە، کە بەهۆیەوە ساڵانە دەیان کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکان دەبوونە قوربانی، بەڵام ئێستا قەیرانی ئابووری و سێکتەری پێترۆکیمیایی، حکومەتی ناچار کردووە پشتبەستن بەو هێڵە سنوورییانە بە یاسایی بکات.