هەرێم نیوز
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی فەرمیدا مژدەی گەڕانەوەی شایستەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگەی ڕاگەیاند و جەختی لەسەر بەردەوامیی پشتگیریکردنی هێزەکان کردەوە.
پلەبەرزکردنەوە؛ وزەیەکی نوێ بۆ پارێزەرانی نیشتمان
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد کە وەک تیمێکی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆریان داوە تا ئەم پرۆسەیە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەن. شۆڕش ئیسماعیل لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "بڕوای تەواومان وایە کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، دەبێتە وزەیەکی نوێ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزترەوە وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە پارێزگاریکردن لە خاک و شکۆی گەلی کوردستان بەردەوام بن."
دڵنیایی بە ئەفسەرانی تر دەدرێت
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وەزیری پێشمەرگە دڵنیایی دایە ئەو ئەفسەرانەی کە ناویان لە خشتەکانی تری پلەبەرزکردنەوەدایە و وتی: "بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە و مافەکانیان پارێزراو دەبێت."
پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن
وەزیری پێشمەرگە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستن لە ئەرکە پیرۆزەکەیاندا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان.