هەرێم نیوز
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی "هەرێم نیوز"، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی ئامادە کردووە و چاوەڕوانی گەیشتنی پارە دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی 5ـی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "هەرێم نیوز"ـی ڕاگەیاند، کە بڕیارە سبەی دوانیوەڕۆ لیستی مووچەی مانگی نیسان (مانگی ٤) بە فەرمی بڵاو بکرێتەوە، ئەمەش بەو مەرجەی پارە دیاریکراوەکە لە بەغداوە بگاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان هەمووی کۆتاییان هاتووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، خشتەی ئەم مانگە هاوشێوەی خشتەی مانگی ڕابردوو دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی تێدا نەکراوە، تەنها یەک گۆڕانکاریی بچووک لە ڕیزبەندیی دابەشکردنەکەدا کراوە.
مووچەخۆرانی هەرێم چاوەڕوانی خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت بە گەیشتنی پارەکە، دەستبەجێ پرۆسەی دابەشکردنەکە دەستپێبکات.