دواین هەواڵ

عێراق‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی زەیدی، تەیف سامی لە وەزارەتی دارایی دوورخستەوە

هەرێم نیوز

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی لەبارەی پۆستی وەزارەتی دارایی دا و یەکێک لە بەهێزترین ژنە بڕیارەدەستەکانی ناو ئەو وەزارەتەی دوورخستەوە.

بەپێی زانیاریی میدیا عێراقییەکان کە ئەمڕۆ هەینی (٨ی ئایاری ٢٠٢٦) بڵاوکراونەتەوە، عەلی زەیدی ڕەتیکردووەتەوە تەیف سامی بۆ جارێکی دیکە لە پۆستی وەزیری دارایی بمێنێتەوە. لە بەرامبەردا، پێشنیازی پۆستی "ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری دارایی و بانکەکان"ی بۆ کراوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی لە ناوەندی بڕیاردانی ڕاستەوخۆ لە ناو وەزارەتدا.

قوسەی شەفیق، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی عێراقی لەبارەی ئەم بڕیارەوە دەڵێت: "ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، تەیف سامی بخرێتە دەرەوەی وەزارەتی دارایی، ئەمە هەنگاوێکی نوێ و جیاوازە لە نەریتی سیاسیی عێراق." تەیف سامی کە ساڵانێکی زۆرە پۆستە هەستیارەکانی ئەو وەزارەتەی بەدەستەوە بووە، لە کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی وەک وەزیری دارایی دەستبەکار بوو.

تەیف سامی لە ماوەی کارکردنیدا ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنەی توند بووەتەوە، نەک تەنیا لە لایەن کوردەوە، بەڵکو لە لایەن زۆرێک لە پارێزگاکانی تری عێراقیش. ناوبراو هەمیشە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە نزیکە لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ئاسانکارییان بۆ دەکات، هاوکات بە توندترین وەزیری دارایی دادەنرێت بەرامبەر بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوەی عەلی زەیدی پەیامێکی ڕوونە بۆ گۆڕینی سیاسەتی دارایی عێراق و کەمکردنەوەی هەژموونی ئەو لایەنانەی کە لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە فشارەکانیان بەردەوام دەکرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP