هەرێم نیوز
ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لیژنەیەکی سێقۆڵی بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر و سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر بۆ داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان پێکهێنراوە، هاوکات ئەمریکاش لە ڕێگەی سێ ئاراستەوە فشارەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەو گرووپانە توندتر کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی 5ـی 2026، ماڵپەڕی 'ئەلحورە'ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سیاسی و حکومیی عێراقەوە بڵاویکردەوە، لایەنە شیعەکان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکانن بۆ ناو دەستی دەوڵەت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو فشارانەی ئەمریکا کە لەم دواییەدا پەرەیان سەندووە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، میکانیزمی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە ڕێگەی لیژنەیەکی سێقۆڵییەوە جێبەجێ دەکرێت، کە پێکهاتووە لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر. ئەرکی ئەم لیژنەیە تەنیا لە پرسی گرووپە چەکدارەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو ڕێکخستن و بەدامەزراوەییکردنی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی دەوڵەت و داڕشتنی پلانێکی گشتگیر بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی یاسا لەخۆ دەگرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، واشنتن لە ڕێگەی سێ ئاراستەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی عێراق دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی میلیشیاکان. ئاراستەی یەکەم بریتییە لە دوورخستنەوەی ئەو گرووپانە لە دەسەڵات، کە تێیدا ئەمریکا ڕەتی دەکاتەوە مامەڵە لەگەڵ هیچ حکومەتێکدا بکات کە کەسایەتیی سەر بەو گرووپانەی تێدا بێت، تەنانەت ئەگەر لەژێر ناوی تەکنۆکراتیشدا بن، ئەمەش لە پەیامێکی جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بۆ سەرکردە شیعەکان پشتڕاست کراوەتەوە.
ئاراستەی دووەم پەیوەندیی بە لایەنی داراییەوە هەیە؛ ئیدارەی ئەمریکا گەیشتنی دۆلار بۆ بانکی ناوەندیی عێراق و سەقامگیریی سیستەمی بانکی بەستووەتەوە بە ئاستی جددیبوونی حکومەت لە کەمکردنەوەی هەژموونی ئەو گرووپانە و هەڵوەشاندنەوەی باڵە سەربازییەکانیان.
هەروەها ئاراستەی سێیەمیش فشاری ئەمنیی ڕاستەوخۆیە، کە لە ڕێگەی تەرخانکردنی پاداشتی دارایی بۆ دەستگیرکردنی سەرکردە دیارەکانی ئەو گرووپانە جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش حکومەتی عێراق دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا.